دەزگای خێرخوازی بارزانی: سێیه‌م كاروانی هاریكارییه‌كانی خه‌ڵكی دهۆك ئامادەیە

دوو کارمەندی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سنووری عەفرین - فۆتۆ: ستار ئەحمەد - کوردستان24
دوو کارمەندی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سنووری عەفرین - فۆتۆ: ستار ئەحمەد - کوردستان24

K24 - هەولێر:

ماجد سه‌ید ساڵح، جێگری پارێزگای دهۆك رایگه‌یاند، سێیه‌م كاروانی هاریكارییه‌كانی خه‌ڵكی دهۆك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی باكووری كوردستان و توركیا و رۆژئاوای كوردستان و سووریا ئاماده‌كراوه‌ و له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانییه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ شوێنی مه‌به‌ست.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، هاوكارییه‌كان به‌رده‌وامن و ئه‌و ئه‌و پێداویستییانه‌ بۆ لێقه‌وماوان ئاماده‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پێویستییان پێیه‌تی.

هه‌روه‌ها گوتی: "بڕێك پاره‌ش بۆ لێقه‌وماوان كۆكراوه‌ته‌وه‌ و له‌ داهاتوودا ئه‌و پێویستییانه‌یان پێ دابین ده‌كه‌ن، كه‌ بۆ ژیانی رۆژانه‌یان گرنگن".   

رۆژی (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك  بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی رێختەر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باكووری كوردستان و توركیا، هه‌روه‌ها رۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند، بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدان، و برینداربوون و بێسه‌روشوێنبوونی هه‌زاران كه‌س.