حکومەتی بەریتانیا لە پلانیدایە شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران بگۆڕێت

"چیتر هۆتێل نامێنێت"

K24 - هەولێر:

وەزیری کۆچی بەریتانیا ئاشکرایکرد، حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە پەنابەران لە بنکە سەربازییەکان و کەشتیە گەورەکاندا جێگیر بکات.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی بی بی سی، رۆبێرت جێنریک، وەزیری کۆچی بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی زۆری تێچوونی حەواندنەوەی پەنابەران لە هۆتێلەکان، پلانیان هەیە ئەو چەندین هەزار کۆچبەرە لە بنکە سەربازییەکان و کەشتییەکاندا جێگیر بکەن.

وەزیری کۆچی بەریتانیا باسی لەوەشکرد، پلانەکەیان سەرەتا بە ناردنی چەند هەزار پەنابەرێک بۆ دوو بنکەی پێشووی هێزی شاهانەی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا دەستپێدەکات و دواتر پەنابەری زیاتر بۆ بنکە سەربازییەکانی ئێسێکس و لینکۆڵنشەیر دەنێرن.

ئەم پلانەی حکومەتی بەریتانیا لەکاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە سویلا براڤرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پەردەی لەسەر یاسا نوێیەکەی کۆچبەران هەڵدایەوە و گوتی: یاساکە بریتییە لە دوورخستنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا لە زووترین کاتدا، دوای گەیشتنییان بە کەناراوەکانی بەریتانیا.

بە گوێرەی یاسا نوێکەی کۆچبەران، لەکاتی گەیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ بەریتانیا لە 28 رۆژی یەکەمدا، بەبێ بێ هیچ جۆرە دادگاییکردنێک، یەکڕاست دەگوازرێنەوە بۆ رواندا.

پلانەکەی بەریتانیا تایبەت بە کۆچبەران، بووەتە جێی رەخنەی ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، لەمبارەیەوە، تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا رایگەیاند، ئەوەی لەگەڵ دۆسییەی کۆچبەرانی نایاسایی دەکرێت، هەڵەیە.