هەرێمی کوردستان.. رێژەی هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە بەرزدەبێتەوە

K24 - هەولێر

رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی رابردوو بە رێژەی سەدا 7.1 لەسەر ئاستی ساڵانە بەرزبووە و لەسەر ئاستی مانگانە سەدا 0.6 دابەزیوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە تایبەت بۆ کوردستان24 نێردراوە، ژمارەی پێوانەیی بەکاربەر لە مانگی شوبات گەیشتووەتە سەدا 115.36، لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمی پێش خۆی سەدا 116.02 بووە، واتە سەدا 0.6 دابەزیوە.

هەروەها بەراورد بە مانگی شوباتی 2022 سەدا 7.1 بەرزبووەتەوە، کە ئەوکات سەدا 107.7ـی تۆمارکردبوو.

هۆکاری ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان و خواردن و خواردەمەنییەکان دەگەڕێتەوە کە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەتەوە. هەروەها کەرتەکانی دیکەیش بە رێژەی جیاواز بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە. بەڵام کەرتی پەیوەندییەکان تاکە کەرتە سەدا 10.1 دابەزینی تۆمارکردبێت.

راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان