بایدن: دیموکراسی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە جیهاندا بەهێز دەکەین

جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێن دەدات بە دابینکردن و پێشکەشکردنی بڕی 690 ملیۆن دۆلار بۆ بەهێزکردنی پڕۆگرامی دیموکراسی لە هەموو جیهاندا.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەمیانی کردنەوەی دووەمین لوتکەی دیموکراسی رایگەیاند، دیموکراتی پێویستی بە کاری جددی و بەردەوام هەیە، بەتایبەتی جیهانی ئەمڕۆ کە بەرەو باشترین دیموکراسی وەردەچەرخێ، ئەمەش بەهۆی پابەندبوونی سەرکردەکانی جیهان بە بنەماکانی دیموکراسی و سووربوونی گەلان لە دەستپێوەگرتن پێوەی.

بایدن گوتیشی، ئێمە لە بەردەم وەرچەرخان و سووڕانەوەیەکی مێژووییداین، ئێمە و هاوپەیمانەکانمان بە چرکەساتێکی هەستیاردا تێپەڕدەبین کە پێویستمان بە دیموکراسییەتێکی زیاتر و بەهێزترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رژێمە چەوسێنەر و دیکتاتۆرەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا سەرنجی خستە سەر ئەوەی لەگەڵ کۆنگرێس کار دەکەن بۆ دابینکردنی بڕی 690 ملیۆن دۆلار بۆ بەهێزکردنی پڕۆگرامی دیموکراسی لە هەموو جیهان.