مانگرتن پەیوەندییەکان لە لوبنان پەکدەخات و سەرۆکی ئەو وڵاتەش داوا لە سوپا دەکات دەستوەردان بکات

لوبنان
لوبنان

K24 -  هەولێر:

ماوەی چەند رۆژێکە کارمەندان و بەکاربەرانی دەستەی "ئۆجیرۆ" کە لایەنی جێبەجێکاری وەزارەتی گەیاندن و پەیوەندییەکانی لوبنانە و ژێرخانی بنەڕەتی سەرجەم تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت لەناویشیاندا مۆبایل و ئەنتەرنێت، مانگرتنیان راگەیاندووە.

راگەیاندنی مانگرتنی کارمەندان و بەکاربەرانی دەستەی "ئۆجیرۆ" کە لەلایەن ئەنجوومەنی سەندیکای دەستەکەوە بڕیاری لەسەر دراوە و پاڵپشتی دەکرێت، ئاڵۆزییەکی نوێی لە لوبنان دروستکردووە و حکومەتی هێناوەتە سەر هێڵ و داوا لە سوپا دەکرێت دەستوەردان بکات.

لەمبارەیەوە جۆنی قرم، وەزیری گەیاندنی لوبنان لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، نەجیب میقاتی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر، ئەمڕۆ (پێنجشممە 30ـی ئادار/ مارسی 2023) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوایکردووە سوپا دەستوەردان بکات و تەواوی کەرتی "ئۆجیرۆ" بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

وەزیری گەیاندنی لوبنان ئاماژەی بەوەشکردووە، ناکرێت هیچ هاووڵاتییەک بکرێتە بارمتە و هەرگیز قبوڵکراو نییە، ئەنتەرنێت پێویستی و بوارێکی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامی ژیان و راگرتنی قەدەغەیە.

ئەم لێدوانەی قرم هێندەی دیکە مانگرتووانی نیگەران کردووە و پێیان وایە لە بەرپرسیاریەتی هەڵدێت، هاوکات وایدەبینن سەرانی سوپا حەکیمانە لەگەڵ ئەم بارودۆخە مامەڵە دەکەن و لایەنگری و پشتیوانی لە ماف و راستییەکان دەکەن.