زریانی فرێدی زیاتر لە هەزار کەسی لە مالی کردووەتە قوربانی

K24 – هەولێر:

دەسەڵاتدارانی مالی قوربانیانی زریانی فرێدی کە لەوەتەی ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە هەڵیکردووە و ئەو وڵاتەی بە توندی گرتووەتەوە، ئاشکرا دەکەن، هاوکات ئومێدەکان بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان تا دێ لاوازتر دەبن.

دەسەڵاتدارانی مالی رایدەگەیەنن، تائێستا بەهۆی هەڵکردنی زریانی فرێدیەوە 676 کەس بوونەتە قوربانی، هاوکات دەستەی بەڕێوەبردنی رووداوەکان لە مالی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر هەڵکردنی زریانەکە، هەلی دۆزینەوەی بێسەروشوێنان تا دێ کەمتر دەبێتەوە کە نزیکەی 600 کەس دەبن.

سەرەڕای ئەوەی تیمەکان بە هاوکاری سەگی راهێندراو بەردەوامن لە بەدواداچوون و دۆزینەوەی قوربانییە بێسەروشوێنەکان. لەلای خۆیەوە پۆلیسی مالی رایگەیاندووە، هێشتا زووە نائومێدبن و بێسەروشوێنەکان بە مردوو دابنێین.

زریانی فرێدی لە سەرەتای شوباتی ئەم ساڵ لە کەناراوەکانی ئوسترالیا هەڵیکرد، پاشان بەخێراییەکی زۆر کە هەشت هەزار کیلۆمەتری لە رۆژهەڵاتی زەریای هیندی بەرەو رۆژئاوای زەریاکە بڕی، دواتر رێڕەوێکی دەگمەنی بازنەیی وەرگرت و لە کۆتایی مانگی شوباتدا هەردوو وڵاتی مەدغەشقەر و مۆزەمبیقی گرتەوە و پاشانیش لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا بە توندی رووی لە مالی کرد.