بانکی ناوەندی لە سێ مانگدا زیاتر لە هەشت ملیار دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە

دۆلار و دیناری عێراقی
دۆلار و دیناری عێراقی

K24 - هەولێر:

بانکی ناوەندی عێراق لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە ‌هەشت ملیار و 365 ملیۆن دۆلار خستووەتە بازاڕەوە، کە بڕی نزیکەی 4 ملیار دۆلار لەم مانگەدا بووە.

بەهۆی خستنەڕووی ئەو بڕە زۆرەی دۆلار لە عێراق، بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار بەرزبووەتەوە بەجۆرێک کە بە بەراورد بە مانگی شوباتی رابروو بەهای هەر 100 دۆلارێک زیاتر لە 15 هەزار دینار دابەزیوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی بانکی ناوەندی بۆ جێگریکردن و بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلار، بەڵام تاوەکو ئێستا بانکەکە نەیتوانیوە جیاوازی بەهای دۆلار لە نێوان بانک و بازاڕدا نەهێڵێت و ئێستاش جیاوزی بەهای هەر 100 دۆلارێک لە نێوان بانک و بازاڕدا زیاتر لە 18 هەزار دینارە.