دەنگدانی گشتی لە فینلاند دەستیپێکرد؛ سێ کورد کاندیدن

دەنگدانی گشتی لە فینلاند دەستیپێکرد
دەنگدانی گشتی لە فینلاند دەستیپێکرد

K24 - هەولێر:

بەیانی ئەمڕۆ دەنگدانی گشیی بۆ پەرلەمانی فینلەند دەستیپێکرد، سێ کورد بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە کاندیدن و سانا مارینی سەرۆک وەزیرانیش هەوڵی مانەوە لە پۆستەکەیدا دەدات.

 کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی فینلاند رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی نیسانی 2023، کاتژمێر 09:00 سندوقەکانی دەنگدان بە روویی دەنگدەراندا کرانەوە و پڕۆسەی دەنگدان کاتژمێر 20:00 کۆتایی دێت.

10 پارت ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی 200 کورسی پەرلەمانی فینلاندا دەکەن، سانا مارین کە بەگەنجترین سەرۆک وەزیران لە ئەوروپا دادەنرێت سەرۆکایەتی پارتی سۆشیال دیموکرات دەکات لە هەڵبژاردنەکان،  ئەو ژنە سیاسەتمەدارە کە لەساڵی 2019 وە سەرۆک وەزیرانی فینلاندایە، پشت ئەستوورە بەوەی لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا وڵاتەکەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێپەڕاند، هەروەها توانی سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ رازیبکات بەوەی ئەندامێتی فینلاند لەو هاوپەیمانییەتە سەربازییە پەسەند بکەن.

لە بەرامبەردا، ئەو پارتانەی دژی سانا مارین وەستاونەتەوە لەم هەڵبژاردنەدا، راستڕەوەکانن و  بە دژە پەنابەرەکان ناسراون، چونکە وەک خۆیان باسی دەکەن، سەرۆکوزیرانەکەیان نەیتوانیوە یاسای کۆچ وەک خۆی جێبەجێ بکات.

لە دوایین راپرسیشدا دەرکەوتووە، پارتی سۆشیاڵ دیموکرات بەسەرۆکایەتی سانا مارین بە جیاوازییەکی کەم لەپاش پارتی راستڕەوەکانەوە بەسەرکردایەتی پێتری ئۆرپۆ.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵی فینلانددا، دوو هەزار و 424 لە 11 ناوچە کاندیدن بۆ ئەندامییەتی پەرلەمانی فینلاند و چوار ملیۆن و 546 هەزار فینلاندیش مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش زیاتر لە 200 هەزار پەنابەر لە فینلاند مافی دەنگدانیان هەیە.

لەسەدا 40ی دەنگدەرانی تۆمارکراو بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختەدا کردووە کە لە رۆژانی 22-28 ئادار لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە بەڕێوەچوو.

بەپێی ئەو زانیارییەی وەزارەتی دادی فینلاند خستوویەتەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت لە پێنجی نیساندا، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رابگەیەندرێت.

هەر لەو هەڵبژاردنەدا، سێ خانمی کورد کاندیدن و رکابەری دەکەن لەسەر بردنەوەی کورسی لە پەرلەمانی داهاتووی فینلاند. کە ئەوانیش هەریەکە لە (گەشاو بیبانی، شەیدا سۆهرابی و شیرین نامق)ـن.

گەشاو بیبانی لە  بازنەی ئۆسیما (ئێسپۆ، ڤانتا و چەند شاری تری دەرەوەی هێلسینکی) لە پارتی چەپ کاندیدە. کە خۆی لەدایکبووی شاری کەرکووکە و لە ساڵانی نەوەتەکانەوە لە فینلاند دەژی. ئەو کاندیدە کوردەی پارتی چەپ، بڕوانامەی زانکۆیی لە بواری گەشەپێدانی تەندروستی تەواوکردووە و پێشتر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەشدار بووە.

شەیدا سۆهرابی لە بازنەی هێلسینکی کاندیدی پارتی کۆکۆموسە لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی فینلاند کە لە پێنج پارت پێکهاتوون و سەرۆکی هەر پێنج پارتەکەش ئافرەتن. سۆهرابی لەدایکبووی سەرپێلی زەهاوە و لەگەڵ خێزانەکەی لە روومادی ئاوارە بوون، لە ساڵانی نەوەتەکانەوە لە فینلاند دەژی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان.

شیرین نامق لە بازنەی واسا (واسا، کۆککۆلا، سێینەیوکی) کاندیدی پارتی سەوزە و لەدایکبووی شاری کەرکووکە و لە ساڵانی نەوەتەکانەوە لە فینلاند دەژی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە رۆژنامەوانیدا.