وەزارەتی کار بۆ دایکان و باوکانی تووشبوانی ئۆتیزم: پشت و پەناتان دەبین

تووشبوێكی ئۆتیزم / هه‌ولێر
تووشبوێكی ئۆتیزم / هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزمدا پەیامێکی ئاراستەی دایک و باوکاری تووشبوانی ئۆتیزم کرد و تێیدا هاتووە: پشوو درێژ بن و بەردەوام بن لە چاودێریکردنی مناڵەکانتان، ئێمەش پشت و پەناتان دەبین لە رێگەی سەنتەرەکانی ئۆتیزمەوە.

لە رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزمدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: لەم یادەدا جێگەی خۆیەتی دەستی ماندوونەبونی دایکان و باوکانی  تووشبوانی ئۆتیزم بگوشین و پێیان بڵێین ئەرکتان قورسە و بارگرانیەکی زۆرتان لەسەر شانە، بەڵام باشترین و کاریگەرترین کەس بەپێی لێکۆڵینەوەکان کە ببێتە رزگارکەری ئەو توشبوانە، دایکان و باوکانە، بۆیە پشوو درێژ بن و بەردەوام بن لە چاودێری کردنی مناڵەکانتان، ئێمەش پشت و پەناتان دەبین لە رێگەی سەنتەرەکانی ئۆتیزمەوە.

ئاماژە بەوەشدرا، بە ھەوڵی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەنتەری ئۆتیزم لە ھەڵەبجە، کۆیە و حاجی ئاوا کراونەتەوە.

بە گوێرەی پەیامەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، توشبوانی ئۆتیزم بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانە حکومیەکان چارەسەر وەردەگرن و لە فڕۆکەخانە لە ھیچ خاڵێک سەرە ناگرن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە رێنماییەکانی تایبەت بە کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم ھەموار کراونەتەوە و کارئاسانی زۆری تێدا کراوە بۆ کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزمی ئەھلی و کردنەوەی سەنتەری 24 کاتژمێری.