لە رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم چەندین چالاکی ئەنجامدرا

K24 – سلێمانی:

لە رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم چەندین چالاكی بە چاودێری وەزارەتی كار و كاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ منداڵانی ئۆتیزم و خێزانی ئەو منداڵانە لە سەنتەرەكانی ئۆتیزم لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان سازكرا، و دەستپێکردنەوە بە تۆماركردنی ناوی منداڵانی ئۆتیزم راگەیەندرا كە لە ساڵی 2013 راگیرابوو.

زۆرێك لە دایك وباوك و خێزانی منداڵانی ئۆتیزم سەرباری ئەو ئاستەنگییەی لەسەر ژیانیان دروستبووە، ‌نەبوونی هۆشیاری بەرامبەر منداڵی ئۆتیزم لە كۆمەڵگادا زیاتر ئەرکی زەحمەت کردوون. لەوبارەیەوە، عەزیز رەسوڵ، باوکی منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم بە کوردستان24ـــی راگەیاند، کۆمەڵگای کوردی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە لە خەم و ئازارەکانی منداڵانی ئۆتیزم تێبگەن، داوادەکات حکومەت هەندێک کارئاسانییان بۆ بکات ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە بیمەی تەندروستی و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری دیکە.

هەروەها ئارام جلال، باوكی منداڵێکی دیکەی تووشبووی ئۆتیزم، بۆ کوردستان24، گوتی: "زۆر شوێن هەیە ناتوانین بۆی برۆین، بۆ نموونە ماڵی خزم و کەس و نزیکی خۆمان ناتوانین بچین، لەوانەیە نیگەران بن بە هەڵسوکەوتی منداڵەکانمان، هەروەها ئەو منداڵانەمان پێویستیان بە خزمەتێکی زۆر تایبەتە".

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ دووبارە ناونوسكردنەوەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، نزیكەی 600 منداڵی ئۆتیزم ناویان تۆماركراوە، بۆ وەرگرتنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت، هیوا رەحمان، راوێژكاری یاسایی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشەپێدان و چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی، سەبارەت بە کێشەکانی سەنتەری منداڵانی ئۆتیزم گوتی:"ئەو سەنتەرانەی راهێنان و فێرکاری تایبەتە بە منداڵە تەمەن بچووکەکان، تا ئێستا سەنتەری راهێنان و فێرکاریمان نییە تایبەت بە تەمەن گەورەکان، بۆیە لە هەوڵداین بۆ تەمەن گەورەکانیش سەنتەرێکی راهێنان و فێرکاری بکەینەوە".

لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان چەند سەنتەرێكی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم هەیە، لەناو ئەو سەنتەرانەدا ئاستی رێژەی ئۆتیزمی منداڵەكان دیاری دەكرێت، بەگوێرەی رێژەكەیان هەوڵی پەرەپێدانی تواناكانیان دەدرێت لەلایەن راهێنەر و كەسانی پسپۆڕ، بەپێی ئامارە جیهانیەکان لە 1٪ــی منداڵان تووشی ئۆتیزم دەبن، رێژەی تووشبووانی کوڕ لە کچ زیاترە، بەجۆرێك ئەگەر چوار کوڕ تووشی ئۆتیزم بن. لەبەرامبەردا یەک کچ تووشی ئۆتیزم دەبێت.