پێکهێنانی هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد لە شاری ئامەد راگەیەندرا

هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد
هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد

K24 – هەولێر:

پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لەناو چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییەک بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن و لە رێورەسمی ناساندنیدا داوای کرد زمانی کوردی وەک دووەمین زمانی فەرمی لە تورکیا بناسرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (3ـی نیسان/ئێپرڵی 2023)، نۆ پارت و لایەنی سیاسی کوردیی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە شاری ئامەد کۆبوونەوە و پێکهێنانی "هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد"ـیان راگەیاند.

لە رێورەسمی راگەیاندن و ناساندنی هاوپەیمانییەتەکە، سەرکردەی لایەنە بەشدارەکان ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد روونکردەوە و جەختیان لەسەر یەکڕیزی کورد کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی لە تورکیا.

لە راگەیەندراوی ناساندنی هاوپەیمانییەتەکە، ئاماژە بە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرا و ئاماژەیان بەوەکرد، هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد لە بەردەم هەر جۆرە هێرش و دژایەتیکردنێکی ئەو دەستکەوتانە هەڵوێست نیشاندەدات و جەختیش لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەر چوار پارچەی کوردستانیش دەکاتەوە.

لەبارەی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا، هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد لە کارنامەی خۆناساندنیدا روونکردووەتەوە، کار دەکات بۆ جێگیرکردنی ناسنامەی گەلی کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا و داواش دەکات زمانی کوردی وەک دووەمین زمانی فەرمی لەپاڵ زمانی تورکی بناسرێت و لە ناوەندەکانی خوێندن لە باخچەی منداڵان تا زانکۆ ئازادی بەکارهێنان و خوێندن بە زمانی دایک جێگیربکرێت.

لە رووی چالاکی کاری سیاسی و رێکخراوەیی، هاوپەیمانییەتەکە داوای رەخساندنی ئازادی دەکات بۆ ئەوەی گەلی کورد لە تورکیا بە ئازادی کاری رێکخراوەیی بکات و کورد لە ناوچەکانی خۆیدا مافی خۆبەڕێوەبردنی هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو خاڵانەی هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد هەوڵی بۆ دەدات، ئاماژە بەوەکرا، کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی ناوی پێشووی شار، ناوچە و شوێنەوارە مێژووییە کوردییەکان کە گۆڕدراون و ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی کەسایەتییە دیار و ناودارەکانی کورد لەو وڵاتە.