سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری لەبارەی زیرەکی دەستکردەوە دەدات

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا | وێنە: AP
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا | وێنە: AP

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا بەرپرسیارێتیی بگرنەئەستۆ بەرامبەر ئەو مەترسییانەی زیرەکی دەستکرد دروستیان دەکات و بەپێویستیشی زانی کۆنگرێس لەو چوارچێوەیەدا هەنگاو بگرێتەبەر.

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ ئەنجوومەنی راوێژکارانی زانست و تەکنەلۆجیا کۆبووەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کرد، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو دەرفەت و مەترسییانەی زیرەکی دەستکرد هێناویەتە ئاراوە، کۆبوونەوەکەیان ئەنجامداوە و باسی لەوە کرد، رەنگە زیرەکی دەستکرد هاوکار بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی وەک نەخۆشییەکان و گۆڕانی ئاووهەوا، بەڵام لە هەمان کاتدا رەنگە مەترسیی ئابووریی و ئاسایشی نیشتمانیشی لێبکەوێتەوە.

جۆ بایدن پێی وایە بەرپرسیارێتی لەسەر شانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیایە پێش ئەوەی بەرهەمەکانیان پێشکەش بە خەڵک بکەن دڵنیابن لەوەی سەلامەتن و رایگەیاند: ''تۆڕی کۆمەڵایەتی نیشانیداین کە پێش گرتنەبەری رێوشوێنی دروست تەکنەلۆجیای بەهێز رەنگە زیانی هەبێت''.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، نەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەم چوارچێوەیەدا رەنگە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی دەروونی و تێگەیشتن لە خود و هەستی گەنجان هەبێت.

جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی زیرەکی دەستکرد مەترسییە یان نا، گوتی: ''بە تێپەڕبوونی کات دەیبینین. رەنگە''.