سوپای ئۆکرانیا: تا ئێستا رووسیا پتر لە 177 هەزار سەربازی لەدەستداوە

دیمەنێکی سەربازانی رووسیا
دیمەنێکی سەربازانی رووسیا

K24 – هەولێر:

سوپای ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا، رووسیا 177 هەزار و 680 سەربازی لەدەستداوە.

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، لە 24ی شوباتی 2022ەوە، سوپای رووسیا 177 هەزار و 680 سەربازی لەدەستداوە، تەنیا لە 24ی کاتژمێری رابردوو 570 سەربازیان كوژراون.

ئاماژەی بەوەشدا، سوپای رووسیا نزیکەی 19 هەزار تانک، زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی و نزیکەی 3 هەزار درۆن و فڕۆکە و هێلیکۆپتەریان تێکشکێنراون.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.