نوێنەرایەتیکردنی کورد باسی گەرمی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا

دۆزی کورد لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا
دۆزی کورد لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و بەهۆی ئەو دابەشبوونە سیاسییەی لە نێوان رکابەرەکانی ئاکپارتی هەیە، ئەردۆغان لە بانگەشەکانیدا ئەو ناکۆکییانە دەکاتە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە بەرامبەردا، ‌هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەوان لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا هاودەنگن و ئەو جیاوازییەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا هەیانە کاریگەری لەسەر دەنگەکانی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار نابێت.

ئەوەی تایبەتە بە دۆزی کورد لە تورکیا، هەرچەندە هیچ لیست و لایەنێک راستەوخۆ وەک نوێنەری کورد بەشداری لە هەڵبژاردنەکان نەکردووە، بەڵام لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتی و لیستی هەڵبژاردنەکاندا، کاندیدانی کورد شەڕ بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی تورکیا دەکەن و ناساندنی زمانی کوردی و چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکانی کوردیش لە داخوازییە سەرەکییەکانیانە.

ئاکپارتی بانگەشەکانی لە باکووری کوردستان چڕدەکاتەوە

لە هەڵبژاردنی 2018ـدا ئاکپارتی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان %21.5ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لەکۆی 12 کورسی تەرخانکراوی شارەکە توانی تەنیا 3 کورسی بەدەستبهێنێت، لەم هەڵبژاردنەشدا، لەگەڵ هوداپار پێكەوە جارێکی دیکە گرەو لەسەر زیادبوونی رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانیان لە ئامەد و ناوچەکانی دیکەی باکووری کوردستان دەکەن.

بەرپرسانی ئاکپارتی لە دیاربەکر لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەڵێن: "تورک لەم وڵاتەدا هەر مافێکی هەبێت، دەبێت کوردیش هەمان مافی هەبێت". ئەم شێوازی بانگەشەکردنەی ئاکپارتی لە ناوچەکانی باکووری کوردستان لەلایەن ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی سیاسی و چاودێرانی هەڵبژاردنەوە بە تەکنیکی ئاکپارتی بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەران لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا دادەنرێت.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد زەکی ئاککۆچ - جێگری سەرۆکی ئاکپارتی لە دیاربەکر رایگەیاند، ئەوان داوای یەکسانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی تورکیا دەکەن و ئاکپارتیش دەتوانێت ئەوە بکات، بۆیە داوا لە کوردانی باکووری کوردستان دەکەن جارێکی دیکە متمانە بە ئەردۆغان ببەخشنەوە و پشتگیری بکەن.

لەسەر ئەدۆغان هوداپار و هەدەپە رووبەڕووی یەک دەبنەوە

 دوای ئەوەی هوداپار بڕیاریدا لەسەر لیستی ئاکپارتی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بکات و بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاش، پشتیوانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بکات، ئەمەش بووە هۆی ئەوە بەرپرسان و لایەنگرانی هەردوو پارتی هوداپار و هەدەپە رەخنەی توندیان ئاراستەی یەکتر دەکەن.

هوداپار رەخنە لە سیاسەتی هێزە چەپ و سۆشیالیستەکانی تورکیا دەگرێت کە بە تەواوی پەیڕەوی سیاسەتێکی رەگەزپەرستانە دژ بە مافەکانی کورد لە تورکیا دەکەن کە زۆرینەی ئەو هێزانەش ئێستا لەگەڵ هەدەپە لە هاوپەیمانییەتێکدا کۆبوونەتەوە.

لەلایەی خۆیەوە، شێخموس تانریکولو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی گشتی هوداپار دەڵێت، ئەوان تەنیا لە هەڵبژاردنەکاندا باس لە مافەکانی کورد لە تورکیا ناکەن بەڵکو لە بەرنامەی حزبی خۆیاندا ئەوەیان تۆمارکردووە کە جەخت لەسەر مافەکانی کورد دەکەنەوە، بە پێچەوانەی پارتە چەپ و سۆشیالیستییەکان کە مافی کورد تەنیا بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆیان بەکارهێناوە.

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی: ئامانجمان بەدەستهێنانی 100 کورسییە

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە وەک ناوەندێکی سیاسی زۆرینەی لایەنە چەپەکانی تورکیای لەخۆگرتووە و هەدەپە و پارتی چەپی سەوز سەرۆکایەتی دەکەن، ستراتیژیەتی هەڵبژاردنی خۆیان ئاشکراکرد و رایانگەیاند، دەیانەوێت 100 کورسی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکی 14ـی ئایاردا بەدەستبهێنن.

بەگوێرەی ئەو پلانەی دایانناوە، پێنج پارت کە پێکهاتوون لە هەدەپە، ئیهەپە، پارتی کرێکاران (EMEP)، پارتی سۆشیالیست (SMF) و پارتی ئازادی کۆمەڵایەتی (TOP) لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز لە 81 شاردا بەشداری لە هەڵبژدن دەکەن و پارتی کرێکارانی تورکیا (TIP) کە پارتێکی دیکەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادییە، بە جیا لە 52 شاردا، لیستی سەربەخۆی دەبێت و لە 32 شاریشدا پشتیوانی لە لیستی کاندیدانی پارتی چەپی سەوز دەکەن.

لە کارنامەی هەڵبژاردنی ئەو هاوپەیمانییەتدا، جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێکان دەکەنەوە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە گفتوگۆ و رێگەچارەی دیموکراسی و ئاشتییانە.

هەدەپە نوێنەرایەتی چەپەکان دەکات یان کوردەکان؟

ئەو پرسیارەی وەک رەخنەیەک ئاراستەی هەدەپە دەکرێت لەلایەن لایەنە رکابەرەکانییەوە بەتایبەتی لایەنەکانی هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار، کە هەدەپە هێندەی خەبات لەگەڵ لایەنە چەپەکان دەکات، هێندە بەرگری بۆ مافەکانی کورد لە تورکیا ناکات و سەبارەت بە هاوپەیمانیەتی رەنج و ئازادیش ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو هاوپەیمانییەتە بووەتە ناوەندێک بۆ چەپەکانی تورکیا و هەدەپە رۆڵی هەبووە لە کۆکردنەوەی زۆربەی پارت و لایەنە چەپەکان.

لەلایەن خۆیەوە، نەشئەت گوندۆگدو، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بووەتە ناوەندێک بۆ هێز و لایەنە سیاسییە چەپەکانی تورکیا، بۆیە ئەوان لە بانگەشەی هەڵبژاردن و خەباتی سیاسییان کار بۆ بەرنامەی سیاسی خۆیان دەکەن و ئەمەش خزمەت بە دۆزی کورد ناکات لە تورکیا، کە هەدەپە بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکات کە نوێنەرایەتی کورد دەکات لەو وڵاتە.

هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی دەنگی کوردەکان کۆدەکاتەوە

پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییەک هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگی کورد بۆ بەرژەوەندی کاندیدە کوردەکان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەدەن و لە رێورەسمێکدا هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسییان راگەیاند و لە یەکەم ناساندندا داوایانکرد زمانی کوردی وەک دووەمین زمانی فەرمی لە تورکیا بناسرێنرێت.

رۆژی دووشەممە (3ـی نیسان 2023)، نۆ پارت و لایەنی سیاسی کوردیی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە شاری ئامەد کۆبوونەوە و پێکهێنانی "هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد"ـیان راگەیاند و لە رێورەسمی ناساندنی هاوپەیمانییەتەکەشدا، سەرکردەی لایەنە بەشدارەکان ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد روونکردەوە و جەختیان لەسەر یەکڕیزی کورد کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی لە تورکیا دووپاتکردەوە.

ئەم هەوڵەی لایەنە کوردییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی کاندیدەکانی هەدەپە کە لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا دەکەن، بە هەوڵێک دادەنرێت بۆ رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی هەدەپە دەکرێت بۆ نزیکبوونەوەی لە هێز و لایەنە چەپەکانی تورکیا و دوورکەوتنەوە لە ناساندنی خەباتی خۆی لە تورکیا لەژێر ناسنامەی نەتەوەیی.

پارتێکی چەپ چووە پاڵ ئەردۆغان

پارتی چەپی دیموکرات پشتیوانی خۆیان بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا راگەیاند و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش لەسەر لیستی ئاکپارتی کاندیدەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن.

رۆژی (7ـی نیسانی 2023)، ئۆندەر ئاکساکاڵ، سەرۆکی پارتی چەپی دیموکرات دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بیناڵی یەڵدرم، جێگری سەرۆکی گشتی ئاکپارتی رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاردا پشتگیری لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەکەن و هەروەها لە رێگەی لیستەکانی ئاکپارتییەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەکەن.

ئیی پارتی و جەهەپە جیابوونەوە

بەهۆی ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی لەسەرەتاوە لەسەر مێزی شەشقۆڵی هاوپەیمانی میللـەت هەبوو، دواجار ئیی پارتی بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بە لیستی جیا و لۆگۆی خۆیەوە بەشداری بکات.

لە دوایین کۆبوونەوەیاندا، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و ئیی پارتی رێککەوتن لەسەر ئەوەی هەردوولا لەژێر چەتری هاوپەیمانیەتی میللـەت بە لۆگۆی خۆیان و لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و لەبەرامبەردا کاندیدانی پارتی دیموکرات، پارتی سەعادەت، پارتی دەڤا و پارتی ئاییندە لەناو لیستی جەهەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن.

ئەردۆغان ناکۆکییەکانی ناو هاوپەیمانی میللـەت دەقۆزێتەوە

لە دوایین گوتاریدا بۆ بەشێک لە لایەنگرانی ئاکپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە ناکۆکییەکانی ناو هاوپەیمانی میللـەتی کرد و رایگەیاند، رۆژ نییە رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ نەبنەوە و بە توانجێکەوە بەو هاوپەیمانییەتە دەڵێت، "هاوپەیمانیەتی حەوتقۆڵی" وەک ئاماژەیەک بۆ پشتیوانی هەدەپە بۆ کەمال کلچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گوتیشی لەونەیە ئەو هاوپەیمانییەتە لە هەشت یان نۆ لایەنیش پێکهاتبن "بەڵام ئێمە لەگەڵ گەلەکەمانداین لە بەرامبەر ئەواندا".

ئەردۆغان پارتەکانی داودئۆغڵو و عەلی باباجان بە پارتی بچووک وەسفکرد و ئاماژەی بەوەکرد، "چوار پارتی بچووک لەگەڵ جەهەپەدا وەستاون بەرامبەر ئێمە، بەڵام ئێمە ناوەستن و لە دەرگای هەموو ماڵێکی تورکیا دەدەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەک هاوپەیمانی کۆمار دەسەڵات وەربگرینەوە".

زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی ناوچەکانی بوومەلەزرە دەنگ نادەن

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاشکرایکرد، تا 2ـی نیسان کە دوا وادەبوو بۆ گواستنەوەی شوێنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار، تەنیا دوو ملیۆن و 338 هەزار دەنگدەر داواکارییان پێشکەشکرد بۆ گۆڕینی شوێنی دەنگدانیان، لە کاتێکدا نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار دەنگدەری دیکە ماون کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و داواکارییان بۆ گۆڕینی شوێنی دەنگدان پێشکەش نەکردووە.

بەهۆی بوومەلەرەزەکەی 6ـی شوباتی رابردوو کە زیانی زۆر بە 11 شاری باکووری کوردستان و تورکیا کەوت، زۆربەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بۆ شوێنەکانی دیکە بەتایبەتی بۆ شارەکانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ گواسترانەوە و بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاش ئەگەر تا 2ـی نیسان شوێنی دەنگدانیان نەگۆڕابێت، تەنیا مافیان هەیە لە شوێنی پێشووی خۆیان دەنگبدەن، بۆیە ئەگەری هەیە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی لێقەوماوی ناوچەکانی بوومەلەرزەکە بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەن.

36 پارتی سیاسی و ململانێی چوار هاوپەیمانی

هەرچەندە 36 پارت و هێزی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن، بەڵام رکابەرییەکان لەنێوان چوار هاوپەیمانیدا چڕبووەتەوە کە زۆرینەیان کاندیدیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەوانیش بریتین لە  هاوپەیمانی کۆمار، بە سەرۆکایەتی ئاکپارتی و کاندیدەکەیان رەجەب تەیب ئەردۆغانە، هاوپەیمانی میللـەت کە شەش لایەنە ناسراوە و کەمال کلچدارئۆغڵو کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش بە سەرۆکایەتی پارتی چەپی سەوز و هەدەپە کە رەتیانکردەوە کاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا، لەگەڵ هاوپەیمانی ئاتا، کە کاندیدەکەیان سینان ئۆغانە.

14ـی ئایار هەڵبژاردنە لە تورکیا

رۆژی هه‌ینی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆشكی كۆماری له‌ ئه‌نقه‌ره‌، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.

وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌.

لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی
لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی