وادەی پێشکەشکردنی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کۆتاییهات

هەڵبژاردنەکانی تورکیا
هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە کۆتا رۆژی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا و سەرجەم هاوپەیمانی و لایەنە بەشداربووەکان تا کاتژمێر 5ـی ئێوارە، لیستی کاندیدانی خۆیان رادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد.

لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد یەنار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، ئەو لایەنە سیاسییانەی مافی بەشداریکردنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکەدا لیستەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن کرد و لە دوو رۆژی داهاتوودا کار لەسەر ئەو لیستانە دەکەن و ئەگەر هەر کەموکوڕییەکی تێدابوو ئەوا دەیانگەڕێننەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان.

مەرجی کاندیدبوون بۆ پەرلەمانی تورکیا

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی تورکیا، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا مەرجی داناوە، هەر پەرلەمانتارێک تەنیا بۆی هەیە بۆ ماوەی سێ خول لە پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی بکات، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا، بۆ بەشێک لە پەرلەمانتاران، کۆتا خولی هەڵبژاردنە بتوانن بەشداری بکەن و ژمارەیەکیش مافی خۆکاندیدکردنەوەیان پێنەدراوە.

هەر بەگوێرەی دوایین هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان، پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە 41 پارێزگای تورکیا خاوەن ریکخستنی پارتی سیاسی بن و بە لایەنی کەمەوە شەش مانگ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان کۆنگرەیان بەستبێت.

ئەدۆغان وەزیرەکانی کاندید دەکات

بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا کە لە 14ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وسەرۆکی ئاکپارتی، داوای لە ژمارەیەک لە وەزیرە دیارەکانی کابینەی ئێستای حکومەتی وڵاتەکەی کردووە، خۆیان لەسەر لیستی ئاکپارتی بۆ پەرلەمانی تورکیا کاندید بکەن.

لە کۆی 17 وەزیری کابینەی ئێستای حکومەتی تورکیا تەنیا فەخرەددین کۆجا، وەزیری تەندروستی و محەممەد نوری ئەرسۆی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا کاندیدنین و 15 وەزیرەکەی دیکەی کابینەکە کاندیدن کە دیارترینیان سلێمان سۆیلۆی وەزیری ناوخۆی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا و خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیان.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە پەنای بۆ چەندین کەسایەتی دیاری وڵاتەکەی بردووە بۆ ئەوەی لەسەر لیستی ئاکپارتی خۆیان بۆ پەرلەمانی تورکیا کاندید بکەن، ئەمەش بە مەبستی راکێشانی دەنگی دەنگدەران، لەوانەش میدیاکانی ئەو وڵاتە باس لە کاندیدکردنی مەسعود ئۆزێل، یاریزانی نێودەوڵەتی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکەن کە بە کەسێکی نزیک لە ئەردۆغان دادەنرێت.

مەهەپە لیستی سەربەخۆی دەبێت

لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی کۆمار کە ئاکپارتی سەرۆکایەتی دەکات و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدیانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بە لیستی جیا بەشداری دەکەن.

هەر یەکە لە پارتەکانی مەهەپە کە دەوڵەتی باخچەلی سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ پارتەکانی یەکگرتووی گەورە و رەفا کە یەکێکن لە لایەنە پێکهێنەرەکانی ناو هاوپەیمانی کۆمار، بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دەکەن. بەڵام پارتی چەپی دیموکرات و هوداپار لەسەر لیستی ئاکپارتی کاندیدیان بۆ پەرلەمانی تورکیا دەبێت.

جەهەپە چاوی لە دەنگی یەکەمی پەرلەمانی تورکیایە

لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی میللـەت بە کە کەمال کلچدارئۆغڵویان بۆ رکابەریکردنی ئەردۆغان کاندید کردووە، بە قۆناغێکی پڕ گفتوگۆی گەرموگوڕدا تێپەڕین تا گەیشتنە رێککەوتن و لیستی کۆتایی کاندیدانیان پێشکەش بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد.

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لیستی کاندیدەکانی خۆی رادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد هەریەکە لە پارتەکانی دەڤا، ئاییندە، سەعادەت و دیموکرات لەسەە لیستی جەهەپە کاندیدیان دیاریکردووە.

جەهەپە لە لە 81 ناوچەی تورکیا لیستی هەڵبژاردنی ئامادەکردووە و 40 کاندیدی چوار پارتەکەی دیکەشی لەخۆگرتووە، بەڵام بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان تەنیا 20 کاندیدیان لەو ناوچانە دەبێت کە دەرچوونیان مسۆگەرە و پێگەی جەماوەری جەهەپەی تێدا بەهێزە. لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنی شەشەمی هاوپەیمانی میللـەت، بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هە‌ڵبژاردنەکانی تورکیا دەکات.

هەروەها ئیی پارتی بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ جەهەپەدا ئەنجامیداوە، لە 16 ناوچەدا هەماهەنگییان هەیە و تەنیا لایەنێکیان لیستیان هەیە کە ئەگەری دەرچوونیان بۆ هەردوولا بەیەکەوە لە رابردووشدا لاواز بووە.

هەدەپە کاندیدەکانیان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن

سەرجەم لایەنەکانی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە هەدەپە یەکێکە لە هێزە پێکهێنەرەکانی، لیستی کاندیدانی خۆیان لەژێر ناوی لیستی پارتی چەپی سەوز پێشکەش بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد و لە 81 ناوچەی تورکیا کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا هەیە.

لەو هاوپەیمانییەتەدا، تەنیا پارتی کرێکارانی تورکیا بە لیستی جیا و لۆگۆی خۆیەوە لە 52 ناوچەی تورکیا کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشکەشکردووە.

سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە تورکیا

پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە کە بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 ویلایەتی ئەو وڵاتە دابەشبووە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان.

زۆرترین کورسی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵە کە 98 کورسی لەخۆدەگرێت لە سێ بازنەی هەڵبژاردن، دوای ئەویش ئەنقەرە دێت کە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن 36 کورسی پەرلەمانی هەیە، هەروەها هەریەکە لە ئەزمیر و بورسەش خاوەنی دوو بازنەی هەڵبژاردنن و بە سێیەم و چوارەم گەورەترین ویلایەتی تورکیا دادەنرێن.

بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی لە تورکیا پێویستە هەر پارتێکی سیاسی یان هاوپەیمانییەتی، زیاتر لە 300 کورسی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت. بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانیش، هەر پارت و هاوپەیەمانییەتێک پێویستە بەربەستی بەدەستهێنانی 7%ـی دەنگەکان ببڕێت، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی ئەندام و فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا.

چوار کاندید رکابەری لەسەر چوونە کۆشکی چانکایە دەکەن

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی ژمارەی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کماری تورکیا راگەیاند، کە لە رۆژی 14ـی ئایاردا تەنیا ناو و وێنەی چوار کاندید لەسەر کارتی دەنگدان دەبێت.

هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار، کەمال کلچدارئۆغڵوم کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت، سینان ئۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا و موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت، رکابەری دەکەن لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری تورکیا.

کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا تا 13ـی ئایار/مایۆی داهاتوو دەتوانن بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و ئەگەر لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، کاندیدی براوە یەکلایی نەبووەوە، ئەوا لە 15 بۆ 27ـی ئایار/مایۆی 2023 جارێکی دیکە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت کە لە 28ـی هەمان مانگ، بە رۆژی هەڵبژاردنی گەڕی دووەم دیاریکراوە.

دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانیش، لە رۆژی 1ـی حوزەیرانی 2023ـدا، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لە رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی تورکیا رادەگەیەندرێت.

رۆژمێری هەڵبژاردنەکان

12ـی نیسان تۆماری دەنگدەران یەکلایی دەبێتەوە.

15ـی نیسان لیستی کاتی کاندیدان بڵاودەبێتەوە.

19ـی نیسان کۆتا لیستی یەکلاییبووی کاندیدانی پارتە سیاسییەکان رادەگەیەندرێت.

27ـی نیسان پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە دەروازە گومرگییەکان و دەرەوەی وڵات دەستپێدەکات.

4ـی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و بەشێک لە قەدەغەکانی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.

7ـی ئایار پرۆسەی دابەشکردنی کارتی زانیاری دەنگدەران تەواودەبێت.

9ـی ئایار پرۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات کۆتایی پێدێت.

13ـی ئایار کاتژمێر 6ـی ئێوارە بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی پێدێت.  

14ـی پرۆسەی دەنگدان لە سەرتاسەری تورکیا دەستپێدەکات.

 

ئا/ زیا عوزێری + ئاری غازی