پەرلەمانی عێراق مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکات

باڵه‌خانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
باڵه‌خانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی لیژنەکەیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەن لە مانگی ئایاری داهاتوودا لەناو هۆڵی پەرلەماندا دەنگی لەسەر دەدرێت.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵی فەرمی عێراقی راگەیاندووە، هەموو لایەنەکان لەسەر نرخی دیاریکراو بۆ بەرمیلێک نەوت لە بودجەدا کە 70 دۆلارە، لارییان نییە بەڵام لەسەر بودجەی پەرەپێدانی 15 پارێزگا ناکۆکی هەیە و حکومەتی عێراقی رێژەیەکی کەمی بۆ دیاریکردوو.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، هیچ بڕگەیەک لە بودجەی گشتیدا نییە بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین و گاز کە لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێندرێت.

هەروەها موعین کازمی ئامەژەی بەوەشکردووە، چاوەڕێ دەکەن لە مانگی ئایاری داهاتوودا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بدرێت، دوای ئەوەی لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی ئامادەکرد و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە کرا.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.