"ئۆکرانیا 200 هەزار سەربازی بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادەکردووە"
K24 – هەولێر:
دامەزرێنەر و فەرماندەی هێزەکانی ڤاگنەر ئاشکرای دەکات، ئۆکرانیا 200 هەزار سەربازی بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادەکردووە.
ئێڤجینی پریگۆژین دامەزرێنەر و فەرماندنی هێزەکانی ڤاگنەر، کە ئێستا شانبەشانی هێزەکانی رووسیا شەڕ دەکەن رایگەیاند، نابێت دوژمنی خۆمان و هەڕەشەکانی بە کەمبزانین.
ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی پێچەوانە، فەرماندەکەی هێزی ڤاگنەر دەڵێ، ئۆکرانیا 200 هەزار سەربازی ئامادەکردوون، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە و دەگاتە 400 هەزار سەرباز.
پریگۆژین ئاماژەبەوە دەکات، ناکرێ ئەو ژمارە زۆرەی سەربازی ئۆکرانیا و ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشی پێچەوانە بە کەم بزانین.
پێشتر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنی رزگارکردنەوەی تەواوی خاکی وڵاتەکەی دابوو، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکاری پلانەکە ئاشکرا بکات و رایگەیاندبوو، هەموو خاکی داگیرکراوی ئۆکرانیا لە رووسیا پاکدەکەینەوە.
هۆشداریشیدا بە سەربازەکانی رووسیا کە تەنیا دوو رێگەیان بەردەمدایە، یان دەکشێنەوە یان دەکوژرێن.