فرۆشتنی بەنزین بە دەبە لەسەر شەقامەکانی سلێمانی قەدەغەدەکرێت

kurdistan24.net

K24 – سلێمانی:

لە سلێمانی بەنزین فرۆشتن بە دەبە لە بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکان بەردەوامە و بووەتە دیاردە، بە جۆرێک دووری نێوان بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقام تەنیا چەند مەترێکە.

بە گوتەی بەنزینفرۆشانی سەر شەقامەکانی سلێمانی کە کوردستان24 بەدواداچوونێکی بۆ ئەو دیاردەیە کردووە، باسلەوەدەکەن، "بەنزینە رەنگ سوورەکانیان لە ئێرانەوە بە بارهەڵگر لە مەرزەکانی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە بەدەستدەگات"، ئەوانیش بە دەبە لەبەشێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانی لە دووری چەند مەترێکەوە لە یەکتر دەیفرۆشن.

هەروەها ئاماژە بەوەشدەکەن، هیچ  مۆڵەتێکی رێگەپێدانیان نییە و هیچ کەرەستەیەکی خۆپارێزیشیان نییە لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

لەلایەن خۆیەوە، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، جگە لەوەی بەنزینفرۆشتنەکە نایاساییە، ترسی گڕگرتنی خێراشی لێ دەکەن.

هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی دەکات. ئەو بەنزینفرۆشانەی لەسەر شەقامەکان دەوستن بە سەرپێچی بۆیان هەژمار بکات و پێبژاردنیان بۆ بنووسن.