ئەردۆغان لەسەر کورد رەخنە لە جەهەپە و هەدەپە دەگرێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایدەگەیەنێت، تاکە رێگەچارەی بەردەم تورکیا بەهێزمانەوەیەتی بۆ ئەوەی نەکەوێتەوە ناو هەڵدێرە سیاسیی و ئابوورییەکان کە رووبەڕووی دەبنەوە.

ئەمڕۆ (سێشەممە 11ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی کۆبوونەوەی راگەیاندنی کارنامەی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردن و ناساندنی کاندیدانی پارتەکەی، گوتارێکی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا پێشکەشکرد و رایگەیاند، "لە سەردەمێکی وا هەستیاردا کە هاوسەنگی جیهانیی سەرلەنوێ دادەمەزرێتەوە، زۆر گرنگە ئاکپارتی کە وڵات بەڕێوەدەبات، تیمێکی بە ئەزموون و خاوەن هێزی کاریگەری هەبێت، هاوشێوەی ئەو پێشکەوتنەی لە پیشەسازی بەرگرییدا بەدەستهاتووە، لە قۆناغی داهاتوودا، توانای وڵاتەکەمان لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە کەرتی دەرمان و پزیشکیدا زیاددەکەین."

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا رەخنەی لە هاوپەیمانی میللـەتی رکابەری گرت و گوتی: "تاکە ئامانجی ئەمانە ئەوەیە وەک سەردەمی تورکیای کۆن سوود لە داواکاری و چاوەڕوانییەکانی گەل وەربگرن و بە ئامانجی خۆیان بگەن. ئەوانەی کە رەخنەی توندیان لە سیستمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی هەبوو، ئەمڕۆ بە شێوازی مامەڵەی بازاڕی ئەسپ و بەشێوەیەک کە گونجاو نییە، مامەڵە لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتی دەکەن."

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، کاری لەپێشینەیان لە سەردەمی داهاتوودا، سەرلەنوێ هەڵسانەوەی ئەو شارانە دەبێت کە لە بوومەلەرزەکانی 6ـی شوباتی ئەم ساڵ زیانیان بەرکەوت، بەشێوەیەک 650 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستدەکرێن کە 319 هەزاریان لە ماوەی یەک ساڵدا رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێن.

هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی کوردیشەوە رایگەیاند: "خوشک و برایانی کوردمان، رادەستی فاشیزمی جەهەپە، لادانی هەدەپە، ستەمی پەکەکە و تاریکی ئەو سیستەمە ناکەین کە لە رابردوودا نموونەی ئازاربەخشی هەبوو".

ئاکپارتی لە 81 شاری تورکیادا، 600 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دیاریکردووە،چەند پارتێکی دیکەش لەسەر لیستی ئاکپارتی کاندیدی خۆیان دەستنیشانکردووە کە دیارترینیان هوداپار و پارتی چەپی دیموکراتە.

رۆژی هه‌ینی (11ـی ئادار/ مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆشكی كۆماری له‌ ئه‌نقه‌ره‌، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی (14ـی ئایار/ مایۆی 2023) كرد.