جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: هێزی زیاترمان رەوانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا کردووە

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتەیەک لە کۆشکی سپی | سێشەممە 4ـی نیسانی 2023 | وێنە: Patrick Semansky / AP
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتەیەک لە کۆشکی سپی | سێشەممە 4ـی نیسانی 2023 | وێنە: Patrick Semansky / AP

K24 - هەولێر:

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هێزی سەربازی زیاتری بۆ رۆژهەڵاتی ئەوروپا ناردووە و بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی ناتۆ.

رۆژی سێشەممە 11ـی نیسانی 2023، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، پابەندییەکانی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بەردەوامە.

کامالا هاریس ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا هێزی زیاتری بۆ رۆژهەڵاتی ئەوروپا ناردووە و بنکەی سەربازی هەمیشەی کردووەتەوە".

لای خۆیەوە ماتیوسز مۆراوسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر بەرگری لە ئۆکرانیا نەکەن ئەگەر پێکدادانی نێودەوڵەتی دێتە کایەوە، چونکە دڵنیایە پوتن تەنها لە ئۆکرانیا ناوەستێت.

ئەم لێدوانانەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدان، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانێتی ناتۆ بڵاوکردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەمڕۆ شانازی بە پێشوازیکردن لە فینلاند وەک 31مین ئەندامی ناتۆ دەکەم" و رایگەیاند 74 ساڵ پێش ئێستا وەک ئەمڕۆ ئەمریکا و 11 وڵات بۆ دامەزراندنی رێکخراوی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسی کۆبوونەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر لە داهاتوودا شتێکی حەتمی هەبێت ئەویش ئیرادەی خەڵکی جیهانە بۆ ئازادی و ئاشتی"ی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، هاری ترومان-ی وەبیرهێنایەوە.

بایدن ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بەشداریکردنی فینلاند لە ناتۆ ئەم ئیرادەیە لە هەموو کات بەهێزترە و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە فینلاند و سوید کە لە رووی سەربازییەوە لێهاتوون و لەگەڵ ئەمریکا هەمان بەهایان هەیە لە مانگی ئایاری 2022 داوای ئەندامبوونیان کردووە لە ناتۆ.

جۆو بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامبوونی ناتۆ لە ماوەیەکی کورتدا لە مێژووی هاوچەرخی ناتۆ خێراترین پێواژووی دەنگدان بووە و رایگەیاند بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەندامبوونی سوید دەکەن لە ناتۆ و بایدن، هانی تورکیا و هەنگاریا دا کە بەبێ دواخستن پێواژووی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەسەند بکەن.

 بایدن گوتی: "سەرۆکی رووسیا کاتێک دەستی بە هێرشی بێبەزەیی لە دژی گەلی ئۆکرانیا دەستپێکرد، پێیوابوو کە ناتۆ و ئەوروپا لە یەکتر جیادەکاتەوە. هەڵخەڵەتا. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر یەکگرتووین و پێکەوە نوێترین هاوپەیمانمان فینلاند بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاسایشی ترانس ئەتڵەسی، بەرگریکردن لە هەر سانتیمێک لە خاکی ناتۆ و سەرکەوتن بەسەر هەموو جۆرە سەختییەک"