بەغدا داوا لە ئەنقەرە دەکات ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزە بکات

کۆبوونەوەی هیشام عەلاوی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری پلاندانانی سیاسی و تەیب سەبری ئەردەل، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا | سێشەممە 11ـی نیسانی 2023 | وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق
کۆبوونەوەی هیشام عەلاوی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری پلاندانانی سیاسی و تەیب سەبری ئەردەل، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا | سێشەممە 11ـی نیسانی 2023 | وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر:

لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا، رێگاکانی ئاسانکاری و رێکارەکانی پێدانی ڤیزەی چوونە ژوورەوە و بەرزکردنەوەی هاریکاری ئەمنی لەنێوان عێراق و تورکیا تاوتوێ کران.

رۆژی سێشەممە 11ی نیسانی 2023، هیشام عەلاوی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری پلاندانانی سیاسی، لەگەڵ تەیب سەبری ئەردەل، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێگاکانی ئاسانکاری رێکارەکانی پێدانی ڤیزەی چوونە ژوورەوە و بەرزکردنەوەی هاریکاری ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و هەروەها هەوڵە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لای خۆیەوە یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، یەکێک لە بەردەوامییەکانی سیاسەتی دەرەوەیان وەستان لە پاڵ عێراق و پاڵپشتیکردنیەتی لە زۆر بواردا، هەروەها بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارەکانی ئەو وڵاتە و پەرەپێدانی کەرتە گرنگەکانی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا بەڵێنیداوە چاوخشاندنەوە بە ئاسانکاریکردنی رێکارەکانی پێدانی ڤیزەی هاتنە ژوورەوە و نوێکردنەوەی ئیقامە بۆ هاوڵاتیانی عێراق بکات.

روونیشکراوەتەوە، عەلاوی باسی لە کێشەکانی بەردەم هاوڵاتیانی عێراقی نیشتەجێی تورکیا کردووە، داوای ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی پێدانی ڤیزەی چوونە ژوورەوە بۆ ئەو هاووڵاتییە عێراقیانە کرد، کە ئارەزووی سەردانی کردنی تورکیا دەکەن، هەروەها داوای ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی نوێکردنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان کرد.

زۆربەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی ئارەزووی گەشتکردنیان بۆ تورکیا هەیە، گلەیی لەو رێوشوێنانە دەکەن کە لایەنی تورکیا پەیڕەوی دەکات بەرامبەر بەو کەسانەی ئارەزووی گەشتکردنیان بۆ وڵاتەکەیان هەیە، بەو پێیەی پێشتر ئەنقەرە ڤیزەی بە شێوەیەکی ئاسان بە عێراقییەکان دەدا، بەڵام دوای کۆتایهاتنی شەڕی داعش رێکارەکانی پێدانی ڤیزەی قورس کردووە.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ تورکیا گوتی: "دەسەڵات دراوە بە باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ پێدانی ڤیزە بە بازرگانانی تورکیا بەبێ دواکەوتن".

هەفتەی ڕابردوو دەستەی ئاماری تورکیا ڕایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵی 2023دا 1.7 ملیار دۆلار بووە، واتە کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق دەتوانێت بگاتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار.