خێزانێک پێش ئەوەی منداڵەکانیان بینایی لەدەست بدەن 13 وڵات دەگەڕێن و دەیانەوێت هەموو جیهان ببینن

K24 - هەولێر

ئیدیت و سیباستیان، ژن و مێردێکی کەنەدی، چوار منداڵیان هەیە، لەناکاو بۆیان دەرکەوتووە کە سێ لە منداڵەکان نەخۆشییەکی دەگمەنیان هەیە، ئەویش دەبێتە هۆی ئەوەی وردە وردە بینیان کەم دەبێت تا ئەو کاتەی بەتەواوی بینیان لە دەست دەچێت.

کاتێک کچە گەورەکەی میا کە ئێستا تەمەنی 12 ساڵە، تەمەنی سێ ساڵ بوو، دایکی تێبینی کردووە، لەکاتی جووڵەکردنیدا لە ماڵەوە، بەتایبەتی شەوانە، خۆی بە دیوار و کەلوپەلەکانی ماڵەوەدا کێشاوە.

دوای چوار ساڵ لە پشکنین و شیکاری، دایکەکە بۆی دەرکەوت کە میا تووشی هەوکردنی تۆڕی چاو بووە، کە نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەنە و وردە وردە بینینی خاوەنەکەی کەمدەکاتەوە، تاوەکو بە تەواوی لەدەستی دەدات کاتێک دەگاتە ناوەڕاستی سییەکانی تەمەنی، هەروەها لە ساڵی 2019دا دوو برا بچووکەکەی میا بە ناوەکانی کۆڵین تەمەن 7 ساڵ و لۆرن تەمەن 5 ساڵ هەمان نیشانەکانیان هەبووە و تەنها لیۆی تەمەن 9 ساڵ رزگاری بووە.

ئیدیت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ BBC  دا، روونی دەکاتەوە کە خۆی و هاوسەرەکەی بڕیاریانداوە نەخۆشی منداڵەکانیان قبوڵ بکەن و بە ئەرێنی سەیری بابەتەکە بکەن، هەروەها دەیانویست منداڵەکان ئەم نەخۆشییە وەک تەحەددایەک ببینن کە بەهێزیان بکات، نەک وەک کێشەیەک کە لە سەرەتاوە ژیانیان بوەستێنێت.

دەشڵێت: بیریان لە چارەسەری داهێنەرانە کردەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشی منداڵەکان، بۆیە بیرم لەوە کردەوە پێش ئەوەی منداڵەکان بە تەواوی بینایی خۆیان لەدەست بدەن، گەشتێکیان بە جیهاندا پێبکەین.

لە مانگی ئاداری ساڵی رابردووی، گەشتەکەیان دەستیپێکرد، خێزانەکە سەردانی 13 وڵاتیان کرد، لەوانە سەڵتەنەی عومان، تورکیا، نیپاڵ و مەنگۆلیا.

دواجار ئەو خێزانە هاتنە میسر، لەوێ کاتێک زانیارییان لەسەر چیرۆکەکە زانی، بانگهێشتنامەیەکیان لە دەستەی گەشتوگوزاری میسر بۆ هات، خێزانەکەش وەڵامی بانگهێشتەکەیان دایەوە، خۆشحاڵی خۆیان بەو گەشتە دەربڕی و چێژیان لە سەردانی شوێنەوارە میسرییەکان وەرگرت.

ئیدیت لە چاوپێکەوتنەکەیدا گوتیشی، گەشتەکەی بۆ میسر جیاواز بووە، بەو پێیەی هەستێکی نایاب و ناوازەیە کە لە وڵاتێکدا بیت کە مێژووەکەی هەزاران ساڵە

ئیدیت دەشڵێت، لە سەرەتادا بودجەی گەشتەکەمان لە بەردەست دانەبوو بۆ سەرتاسەری جیهان، بەڵام کاتێک هاوسەرەکەی هەندێک لەو پشکانەی کۆمپانیاکەی لەکەنەدا فرۆشتووە پارەیان دەست کەوتووە.

ئیدیت ڕوونی دەکاتەوە کە گەشتکردن لەگەڵ منداڵەکان بۆ ماوەی ساڵێک، و پێکەوە بوونی بەردەوام، پەیوەندییەکی بەهێزی لە نێوانیاندا دروستکردووە کە پێش ئەم گەشتە بوونی نەبووە.