میسر و سعوودیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمکاری عەرەبی دەکەن لەسەر رەوشی سوودان
K24 - هەولێر:
میسر و سعوودیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمکاری عەرەبی دەکەن لەسەر رەوشی سوودان.
میسر و سعوودیە داوا دەکەن ئەمڕۆ کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان ساز بکات.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی میسر بڵاوی کردەوە، حوسام زەکی، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی میلیشیای پشتیوانی خێرا بڵاوکردووەتەوە.
حوسام زەکی رایگەیاندووە کە میسر و سعوودیە داوایان کردووە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر ئاستی نوێنەران ئەنجام بدرێت بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی سوودان، بەڵام وردەکاری نەخستووەتەڕوو.
بەیانی رۆژی 15ی نیسان لە خەرتومی پایتەختی سوودان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ئەو شەڕەقسەیەی ماوەی چەند مانگێکە لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەگوزەرێت، گۆڕا بۆ شەڕ و پێکدادان.
هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە رووداوەکانی سودان دەربڕی و داوای لە سوپای ئەو وڵاتە و یەکەی پاڵپشتی خێرا کرد بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆکان و رێڕیوەی گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵکی مەدەنی بکەنەوە.
ئەنجومەنی ئاسایش پاڵپشتی خۆشی بۆ یەکپارچەی خاکی سودان و سەروەریی و پێگە نێودەوڵەتییەکەی دووپاتکردەوە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، دۆخی سودان هەستیارە و هەندێ لایەن دەیانەوێت لەبەرژوەندی خۆیان دژی ئەو دۆخە کاربکەن. راشیگەیاند، ئەمەریکا پاڵپشتی گەڕانەوەی حکومەتی مەدەنی دەکات.
سەندیکای پزیشکانی سودان بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی بەهۆی پێکدادانەکانی سوپا و یەکەی پاڵپشتی خێرا کوژراون گەیشتووەتە نزیکەی 60 کەس.
سەندیکای پزیشکانی سودانی بڵاویشیکردەوە، ژمارەی کوژراوان تا ئێستا 58 کەس و بەردەوامیش ژمارەکە لە زیادبووندایە، سەرباری برینداربوونی دەیان کەسی دیکەش.
باسی لەوەشکرد، لەو 58 کەسەی کوژراون 25 کەسیان لە خەرتوومی پایتەخت بوون و هەشتی دیکەیان لەناوچەی بەحری و 11ـیان لە ناوچەی ئوم دەرمان بوون.
بەپێی خەمڵاندنەکانیشیان، ژمارەی بریندارانی مەدەنی و سەربازی بەهۆی پێکدادانەکانەوە 500 کەسی تێپەڕاندووە.