حووسییه‌كانی یەمەن: بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەت 1400 دیلی دیکە ئازاد دەکرێن

ژمارەیەک لە دیلە ئازادکراوەکانی نێوان حکومەتی یەمەن و حووسییەکانی ئەو وڵاتە لە پڕۆسەی ئاڵۆگۆڕکردنی دیلەکان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا | یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023 | وێنە: رویترز
ژمارەیەک لە دیلە ئازادکراوەکانی نێوان حکومەتی یەمەن و حووسییەکانی ئەو وڵاتە لە پڕۆسەی ئاڵۆگۆڕکردنی دیلەکان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا | یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023 | وێنە: رویترز

K24 - هەولێر:

حووسییەکانی یەمەن رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ حکومەتی یەمەن دەکەن بۆ ئازادکردنی هه‌زار و 400 دیلی دیکەی هەردوولا.

عەبدولقادر مورتەزا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی حووسییەکان بۆ کاروباری دیله‌كان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سه‌نعا ئاشكرایكرد، رێکەوتنێکی نوێی ئاڵوگۆڕی دیله‌كان لەگەڵ حکومەت ئه‌نجامده‌ده‌ن.

عەبدولقادر مورتەزا وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی رێكه‌وتنی نوێی ئاڵوگۆڕی دیله‌كان 1400 زیندانی دەگرێتەوە کە 700 کەسیان لە حووسییەکان و 700 کەسیان لە حکومەتە، زانیاریی زیاتری لەسەر وادەی رێکەوتنەکە نەخستەڕوو.

مورتەزا خۆشحاڵی ده‌ربڕی بە تەواوکردنی رێکەوتنه‌كه‌ و ئاماژەی بەوەدا کارەکان درێژه‌یان ده‌بێت تا سەرجەم دیله‌كان ئازاد دەکرێن.

هێشتا هیچ كام له‌ حکوومەتی یەمەن و کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور روونكردنه‌وه‌یان لەوبارەیەوە بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌.

رۆژی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، ماجید فه‌دایل، گوتەبێژی شاندی دانوستانی دیل و دەستبەسەرکراوانی حکوومەتی یەمەن،  لە راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی دیله‌كان تەواو بووە کە ماوەی سێ رۆژ بووه‌ بە هەماهەنگیی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بەردەوامبووه‌ و نزیکەی 900 کەس لە هەردوولا ئازاد کراون.

ئاڵوگۆڕی دیله‌كان لە 14ی نیساندا له‌نێوان سه‌نعا و عه‌ده‌ندا له‌رێگه‌ی گه‌شتی ئاسمانیی هاوكاته‌وه‌ دەستیپێکردبوو.