فرۆشتنی خانووبەرە لە تورکیا لە مانگی ئادار کەمیکردووە

کەرتی خانووبەرە لە تورکیا
کەرتی خانووبەرە لە تورکیا

K24 -  هەولێر:

دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، فرۆشتنی خانووبەرە لە تورکیا لە مانگی ئادار کەمیکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، بەڵام بوومەلەرزەکانی مانگی شووباتی رابردوو هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی ئاستی کڕین و فرۆشتن لە کەرتی خانووبەرە.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، فرۆشتنی خانووبەرە لە مانگی ئادار بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئاداری ساڵی رابردوو 21.4% دابەزیوە و لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا 105 هەزار و 475 مامەڵەی کڕین و فڕۆشتنی خانووبەرە کراوە. هاوکات دەستەی ئامار راشیگەیاندووە، سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ مامەڵەی فڕۆشتنی 283 هەزار و 215 خانووبەرە کراوە و بە بەراورد لەگەڵ سی مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو رێژەکە 11.5% کەمیکردووە. 

ئامارەکان ئەوەیان دەرخستووە، مانگی ئاداری ئەمساڵ لە ئیستانبوڵ 18 هەزار و 166 مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە ئەنجامدراوە و بە رێژەی 17.2% زۆرترین داهاتی هەبووە. جیا لەوەش لە ئەردەخان و هەکاری باکووری کوردستان کەمترین مامەڵەی فرۆشتنی خانووبەرە ئەنجامدراوە کە کۆی گشتی هەردوو پارێزگاکە 77ـە. 

بوومەلەرزەکانی 6ـی شوباتی ئەمساڵ کە بووە هۆی زیانپێگەیشتنی 11 پارێزگا و گیان لەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی، کاریگەرییەکی راستەوخۆی بەسەر کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە هەبووە لە تورکیا، کە بەشێوەیەکی گشتی خەڵک خۆیان لە خانووی کۆن و ناوچەکانی بوومەلەرزە بەدوور دەگرن.