هەدەپە ئەو ناوە ئاشکرادەکات کە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەنگی پێدەدات
K24 - هەولێر:
په‌روین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە رایگەیاند: "لە دوای جەژن له كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كاندا، ناوی سەركۆماریشتان پێ دەڵێین، بە ئاشکرا رایدەگەیەنین كه دەنگ بە کام سه‌ركۆمار ده‌ده‌ن، هەرچەندە خۆتان دەیزانن".
لە میانی کردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردنی هه‌ده‌په لە ناوچەی سیڤه‌ره‌ك لە شاری روحای باکووری کوردستان، په‌روین بوڵدان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لە 14ی ئایاردا هەڵبژاردنێکی گرنگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
بوڵدان وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەوان هەڵبژاردنەکە وەک خاڵی وەرچەرخان دەبینن، رایگه‌یاند: "14ی ئایار هەڵبژاردنێک دەبێت کە چارەنووسی ئەم وڵاتە دەگۆڕێت، هه‌ردوو هەڵبژاردنی سەركۆمار و پەرلەمان ده‌بینین".
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، جەختی لەوەش کردەوە 14ی ئایار دەبێتە هەڵبژاردنی گۆڕانکاری و وه‌رچه‌رخان و ده‌ستپێكی سەرەتایه‌كی نوێ و رایگه‌یاند: "دوو دەنگ دەدەین، یەکێکیان بۆ سەركۆمار و ئەوی دیكه‌یان بۆ پەرلەمان. خۆتان دەزانن ئه‌و ناوه كامه‌یه كه بۆ سه‌ركۆمار ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن. لە دوای جەژن له كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كاندا، ناوی سەركۆماریشتان پێ دەڵێین، بە ئاشکرا رایدەگەیەنین كه دەنگ بە کام سه‌ركۆمار ده‌ده‌ن، هەرچەندە خۆتان دەیزانن. ئێوه خۆتان باشتر ده‌زانن ده‌نگ به كام سه‌ركۆمار ده‌ده‌ن به‌ڵام له كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كانماندا له‌دوای جه‌ژن، ناوی سه‌ركۆماریشتان پێ ده‌ڵێین".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگەیاند، لە ھەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاردا، 64 ملیۆن و 113 ھەزار و 941 دەنگدەر لە ناوخۆ و دەرەوەی توركیا دەنگ دەدەن.
رۆژی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له كۆشكی كۆماری له ئه‌نقه‌ره، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.
پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستپێدەکات و لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی هەمان رۆژ کۆتاییدێت.
وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌مه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته نییه، به‌ڵكو ته‌نیا گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه.