لە رووسیا چاودێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکرێت و مۆسکۆ لە چاوەڕوانی سەرکەوتنی ئەدۆغاندایە

ئەردۆغان و پوتن
ئەردۆغان و پوتن

K24 - مۆسکۆ:

لە تورکیادا پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەکە گەرمە، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەندە بەلای هەوادارانیەوە بۆ ئایندەی تورکیا گرنگە، رووسەکان بەگرنگتری دەبینن بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا، لەمۆسکۆ کاربەدەست و ناوەندە سیاسی و شرۆڤەکارییەکان، بەوردی چاودێری رەوشەکە دەکەن و بەهیواوە چاوەڕوانی سەرکەوتنی ئەردۆغان دەکەن.

سێرگی بابورین سیاسەتمەدارێکی رووسییە و بۆ کوردستان24 گوتی،" من بڕوای زۆرم بە هزری سیاسی سەدەی 19ـی سیاسەتکارانی رووس هەیە، کەنستانتین لیۆنتیڤ دەیگوت، تورکیا بۆ رووسیا و بولگاریا و گورجستان پێویستە و سەردەمێک دێت دەبێتە هاوپەیمانی ستراتیژی رووسیا، ئێستا رێک ئەو کاتەیە،  هەڵبژاردنەکانی تورکیا رۆڵی جیۆپۆلۆتیکییان هەیە لە تەواوی ئەوروپا و بگرە جیهاندا، تورکیا لەبەردەم بژاردەی هاوسەنگی راگرتندایە لەنێوان رووسیا و یەکێتی ئەوروپادا لەڕێگەی سیاسەتی سەربەخۆوە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، یانیش دەبێت وڵاتەکە خۆی بەپێی رێنماییەکانی ئەمەریکا یەکبخاتەوە و دەستبەرداری سەربەخۆیی ببێت، گەلی تورکیا دەنگ بۆیەکێک لەم دوو بژاردەیە دەدات، من هیوادارم پەیوەندی ستراتیژی چەند ساڵی رابردووی نێوان تورکیا و رووسیا بەهێزتر بن".

قەیرانی ئابووری و زەمینلەرزەکەی ئەم دواییانەی تورکیا، کاریگەری نەرێنیان بۆ سەر پێگەی جەماوەری ئەردۆغان دروستکردووە، لەماوەی فەرمانڕەوایشیدا یەکەمجارە ئەردۆغان رووبەڕووی رکابەرێکی بەهێزی چەپڕەو دەبێتەوە کە هەڕەشە لە تەختی سەرۆکایەتی دەکات، بەڵام دیپلۆماتکارێکی رووس هاوکێشەکە جیاوازتر دەبینێت.

ڤینامین پۆپۆڤ، شڕۆڤەکاری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا لە زانکۆی مگیمۆ سەر بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ کوردستان24 گوتی، "دەبێت چاوەڕوان بین گەلانی تورکیا دەنگبدەن، بەڵام بە بڕوای خۆم هەستدەکەم ئەردۆغان براوە و ئەرێنی لە هەڵبژاردنەکاندا رەنگدانەوەی دەبێت، ئێمە چاوەڕوانین لە کۆتایی مانگدا سەرۆک پوتن سەردانی تورکیا بکات بۆ کردنەوەی وێستگەی کارەبایی ئەتۆمی ئاکوی، بە بڕوای من لەو دیدارەدا گەلێ باسوخواسی گرنگ و فرەلایەن شەن و کەو دەکرێن، لە تورکیا رەوتی سۆفیزم هەیە و بەتایبەت نەقشبەندی، ئەردۆغان خۆی سەر بەو رەوتەیە، رەنگە ئەمجارە ئەم رەهەندە هاوکاری بکات لە هەڵبژاردنەکاندا".

بڕیارە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت، ئەگەر سەرۆک کۆمار لە خولی یەکەمدا یەکلایی نەبووە، رۆژی 28ـی هەمان مانگ، خولی دووەمی هەڵبژاردن لە نێوان یەکەم و دووەم کاندیددا بۆ سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت، سەرۆکایەتی تورکیا ئەگەر بۆ وڵاتانی دونیا جێی سەرنج بێت، ئەوا بەلای  رووسیاوە گرنگە. چونکە تەنیا ئەندامی ناتۆیە کە سیاسەتێکی میانڕەو و نێوەندگیری هەیە لە نێوان رۆژئاوا و رووسیا.