پۆلیسێکی بەریتانی بۆ ئەوەی لەناو کوردان کاربکات رەتیدەکاتەوە پلەی ئەفسەریی بەرزبکرێتەوە
K24 - لەندەن:
پۆڵ پۆلیسێکی بەریتانییە و کارەکەی لە شەقامی ئیدجوەر رۆدی شاری لەندەنە، ناسراوترین کەسی ئەم شەقامەیە، پۆڵ منداڵ و گەنج و بەساڵاچووی ئەم ناوچەیە دەناسێت و خەڵکیش خۆشەویستییەکی زۆری بۆ دەردەبڕن، پۆڵ بۆ ئەوەی لەناو کوردان کاربکات رەتیدەکاتەوە پلە ئەفسەرییەکەی بەرزبکرێتەوە.
پیسی پۆڵ، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "20 ساڵە لەم شەقامەدا لەناو رەوەندی کوردی کاردەکەم، من کلتووری کوردیم خۆشدەوێت، بەجۆرێک کە پێم دەڵێن تۆ خەڵکی کوێی دەڵێم من کوردم، ئەو رۆژانەی پشووم هەیە دێمە ئەم شەقامە چونکە هاوڕێیەکانم وەکو خێزانێکن بۆ من، بەڕێوەبەرەکانم ویستیان پلەکەم بەرزبکەنەوە، بەڵام من رەتمكردەوە، چونکە لێرە دووردەکەوتمەوە".
هەروەها پیسی پۆڵ گوتیشی: "من ئێستا بوومەتە موسوڵمان کاتێک پرسیارێکم هەبێت دەربارەی ئایینی ئیسلام، کوردەکان زۆر هاوکاریم دەکەن و زانیاریم پێدەدەن، سوپاس بۆ خوا من زۆر دڵخۆشم".
کوردانی شەقامی ئیدجوەر رۆدی شاری لەندەن زۆر هۆگری پۆڵ بوونە، ئەوان دەڵێن هەندێک جار ئەگەر کێشەیەک رووبدات ئەو لە نێوان خۆماندا چارەسەری دەکات و ناهێڵێت کێشەکان بچنە بنکەی پۆلیس.