ململانێی مەزهەبی شوێنی شەڕی ئایدۆلۆژی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەگرێتەوە

بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا / وێنە: AP
بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا / وێنە: AP

K24 – هەولێر:

چەند هەفتەیەک ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا و پرسی ئایین و وروژاندنی جیاوازی مەزهەبی و تائیفی، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەو وڵاتە، بەشێوەیەکی فراوان باسی لێوەدکرێت و هەندێکێش بە سەرەتای دابەشبوونی کۆمەڵگەی تورکیای دادەنێن کە لە 21 ساڵی رابردووی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا، ئەو وڵاتە خۆی وەک یەکێک لە هێزە گەورەکانی وڵاتانی سوننە مەزهەب ناساندووە.

کڵچدارئۆغڵو پارچە ڤیدیۆیەکی لە تویتەری خۆی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیوە "عەلەوی"، کە تاوەکو ئێستا بووەتە بەشێک لە مشتومڕترین بابەتی نێوان سیاسییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێوەیەک ئەو ڤیدیۆیە بووەتە پڕبینەرترین (کە 100 ملیۆن بینەری تێپەڕاند) ڤیدیۆی ئەو سیاسییەی بە هەموو هێزێک هەوڵی شوێنگرتنەوەی ئەردۆغان دەدات.

لە دوایین لێدوانیدا لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ سەرۆکایەتی تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، کە پارتەکەی بە هاوبەشی چەند پارتێکی دیکە لیستێکی 600 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا راگەیاندووە، ئاماژەی بەوەکردووە، "لە تورکیا کەس پرسیار لە بارەی نەتەوە و مەزهەبی کەسیترەوە ناکات و بەڵام هەندێک کەس و لایەن بۆ پەردەپۆشکردنی رێککەوتنە شاراوەکانیان، پرسی نەتەوە و مەزهەب دەوروژێنن".

ئەردۆغان لە شاری مەڕەش، کە یەکێکە لەو ناوچانەی زیانێکی زۆری بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەمساڵەوە بەرکەوت رایگەیاند، "مەزهەبی سەرۆکی جەهەپە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و رێزی لێدەگرین، بەڵام پێویست ناکات ئەم بابەتانە بۆ مەرامی سیاسیی کەسی بەکاربهێندرێت".

ئەمەش دوای ئەوە هات، کاتێک جارێکی دیکە کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ سەرۆکایەتی تورکیا و سەرۆکی جەهەپە، بەهۆی ئەو کاردانەوانەی لەسەر ئاشکراکردن و شانازیکردنی بە "عەلەوی"بوونی خۆی هاتە ئاراوە، ناچاربوو روونکردنەوە بدات و لە پارچە ڤیدیۆیەکدا گوتی، راستە من عەلەویم، بەڵام لەسەر رێگەی پێغەمبەر محەممەد و ئیمامی عەلی پابەندم".

لەلایەن خۆیەوە، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا، کە کاندیدی ئاکپارتییە لە بازنەی دووەمی ئیستانبوڵ، هێرشێکی توندی کردە سەر کڵچدارئۆغڵو و رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان بەوشێوەیە ئیدیعای مەزهەبی کردبا، بەهەموو شێوەیەک پەلاماریان دەدا و رەتیان دەکردەوە، بەڵام بۆ کڵچدارئۆغڵو هەموو شتێک رێگەپێدراوە و زیاتر گوتی، "ئەو دەڵێت لەسەر رێگەی پێغەمبەر محەممەد و ئیمامی عەلیم، بەڵام لەرێگەی ئەوان خاکفرۆشتن بە رۆژئاوا و پشتیوانیکردن لە هاورەگەزخوازان و تیرۆریستان بوونی نییە".

هەروەها موحسین یازیجیئۆغڵو، سەرۆکی پارتی یەکگرتووی گەورە کە یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان، باسی لەوەکردووە، "کڵچدارئۆغڵو بەو هەنگاوە پێی نایە ناو ئاوێکی مەترسیدار کە دەیەوێت کۆمەڵگەی تورکیا لەسەر بنەمای تائیفی دابەشبکات".

ئەم ململانێیە تەنیا لەنێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو نییە، دوای تۆمەتبارکردنی ئەو لایەنە سیاسی و سەرکردانەی باکگراوندی ئیسلامییان هەیە لەناو هاوپەیمانی میللـەت وەکو پارتی سەعادەت و ئەحمەد داودئۆغڵو و عەلی باباجان، بەوەی لەگەڵ دوو پارتی هاوشێوەی جەهەپە و ئیی پارتی، کە لە رابردوودا دژایەتی خۆیان بۆ باڵاپۆشی و زۆر پرسی ئایینی دەربڕیوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا، مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی کە یەکێكە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی میللـەت کە پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵو دەکەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیاند، رایگەیاند، "ئەو کەسێکی پابەندە بە ئایینی ئیسلام و لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە رۆژانە هەر پێنج فەرزە نوێژەکانی دەکات".

ئەو لێدوانەی ئاکشەنەر لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنگرانی پارتەکەی، کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیاکانی تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا کە لەکاتی رەمەزانیشدا بە سەرپۆشەوە دەرکەوت. بەڵام هەرزوو راگەیاندنەکانی نزیک لە ئاکپارتی ئەو لێدوانانەیان بە چەواشەکردنی رای گشتی وەسفکرد و لێدوانی ئەو رۆژنامەنووس و کەسایەتییە نزیکانەی جەهەپە و ئیی پارتییان بڵاودەکردەوە کە پێچەوانەی لێدوانی ئەو سەرکردانەیە لە بانگەسەی هەڵبژاردن، یەکێک لەوانە قسەی شەیدا تالوک، شارەزای کۆمەڵایەتییە کە لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان گوتبووی، "نهێنی مانەوەی ئاکپارتی ئەو ماوە زۆرە لە دەسەڵات، دەنگدەرانی ئافرەتن، ئەو ئافرەتانەی لە ماڵەوەن و هیچ کار و ئەرکێکیان نییە و چینێکی نارۆشنبیر و نەخوێندەوارن".

یەکێکی دیکە لە بانگەشەی پارتە چەپەکانی تورکیا کە پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵو دەکەن، باس لە داخستنی دامەزراوەی ئەوقافی تایبەت بە کارباری ئایینی دەکەن، لە بەرامبەر ئەوەشدا، کڵچدارئۆغڵو رایگەیاندووە، جەهەپە ئەو دامەزراوەیەی دروستکردووە و هیچ هێزێک توانای داخستنی نییە. هەروەها مەرال ئاکشەنەریش ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەتاتورک ئەو دامەزراوەیەی دروستکردووە، ئەوەی دەستی بۆ درێژبکات، دەستی دەشکێنین".

لە چەند رۆژی رابردوودا، کاتێک کڵچدارئۆغڵو سەردانی شاری ئادیامانی کرد کە یەکێک بوو لەناوچە زیانپێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، لە بەسەرکردنەوەی گۆڕستانی قوربانییەکاندا ئەو مامۆستا ئایینییەی داوای خوێندنی فاتیحەی کرد، لەکاتی دەستبەرزکردنەوەی کڵچدارئۆغڵو یەکێک لە ئامادەبووان گوتی، "ئەو فاتیحە نازانێت چۆن دەیخوێنێت؟". لە بەرامبەردا، داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو کەسانەی بەو شێوەیە هێرشیان کردە سەر کڵچدارئۆغڵو، دەستی ئەردۆغانیان لەپشتە".

لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا، هاوشێوەی جارانی پێشوو، ئەردۆغان بە بەرزکردنەوەی قورئانی پیرۆزەوە بیندرا. جگەلە کردنەوەی مزگەوتی سەڵاحەددینی ئەیوبی لە شاری دیاربەکر کە یەکێکە لە مزگەوتە گەورەکانی ناوچەکە و شوێنی 25 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، چەند کۆبوونەوەیەکی جەماوەریشی لەناو حەوشی مزگەوتەکاندا ئەنجامداوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەردۆغان نوێژەکانی رۆژانی هەینی و جەژنیشی قۆستەوە لە مزگەوتە ناسراو و قەرەباڵەغەکانی ئیستانبوڵدا لەگەڵ هاووڵاتییان کۆببێتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، توندی لەلایەن رکابەرەکانییەوە ببێتە جێی رەخنەگرتن، بەتایبەتی سەڵاحەددین دەمیرتاش لە تویتەری خۆیەوە، ئەو هەنگاوانەی ئەردۆغانی بە "فێڵکردن و بەکارهێنانی ئایین بۆ مەرامی سیاسی و کەسی" وەسفکردووە.