هیوا گەیلانی: پارتی ئامادەی گفتوگۆی راشکاوانەیه‌ لەگەڵ یەکێتی

هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان
هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 49 ساڵ بەسەر بۆردوومانکردنی شاری قەڵادزێدا لەلایەن رژێمی عێراقەوە تێدەپەڕێت، لەم یادەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدرا و بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش رایدەگەیەنێت، خزمەتگوزارییەکانی ئەو شارە لە ئاستی قوربانیدانی خەڵکەکەیدا نییە، هاوکات ئامادەیی پارتیشی دووپاتکردەوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی راشکاوانە لەگەڵ یەکێتی.

هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەخشی راستەوخۆی کوردستان24 سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی ئەو شارە رایگەیاند، زۆر شت لەو سنوورە کراوە، بەڵام لە ئاستی قوربانیدان و خەبات و تێکۆشانی خەڵک و پێگە و رۆڵی ئەو سنوورەدا نییە. گوتیشی، پارتی لە سنووری قەڵادزێ دەسەڵاتدار نییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵی جیددی داوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ سنوورەکە.

بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کاتەی سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، دووجار سەردانی ئەو دەڤەرەی کردووە و دروستکردنی کۆلێژی پەروەردە و بەشەناوخۆیی کچان و کوڕان و چەند قوتابخانەیەکی کردە دیاری سەردانەکانی، هاوکات بۆ یەکەمین جار بابەتی بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی کێلێی لەو سەردانانەیدا باسکرد و بەڵێنیدا ئەوەی لە توانای بێ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گفتوگۆی لەسەر بکات.

هیوا گەیلانی سەبارەت بە کارە لەپێشینەکانی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو سنوورە، روونیکردەوە، دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە، بەتایبەتی بۆ گەنجان و گرینگیدان بە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی و رێگەوبان و دروستکردنی بەنداوی دەڵگە لە داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵکی ئەو دەڤەرەیە، نیگەرانی خۆشی بەرامبەر بە کۆچی گەنجان دەربڕی، کە بە وتەی ئەو خەریکە دەبێتە دیاردە.

ئەو بەرپرسەی پارتی لەبارەی پەیوەندییەکانی حزبەکەی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، سیاسەتی پارتی روونە و دەیەوێ لەگەڵ یەکێتی و هەموو پارتەکانی دیکە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە، گوتیشی "ئێمە وەک پارتی ئامادەیی گفتوگۆی راشکاوانەمان هەیە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوولا، هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی کردووە بگەڕێنەوە ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران."

لە 24/4/1974، رژێمی لەناوچووی بەعس قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی لەو شارە بۆردومانکرد، لە ئەنجامدا 163 كەس شەهیدبوون، كە نۆ کەسیان خوێندكاری زانكۆ بوون و نزیكەی 300 كەسیش برینداربوون.

لە ساڵی 1982 لەكاتی یادكردنەوەی 24ی نیسان و ئەو بۆردومانەدا، خەڵكی قەڵادزێ لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین و پیاوانی رژێم دەستڕێژی گولـلەیان لێکردن، لە ئەنجامدا دوو كەس شەهیدبوون و پێنج كەسی دیکەش بریندار بوون.