سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پاراستنی گەنمی جووتیاران چوار ملیار و 201 ملیۆن دینار تەرخان دەکات

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی بڕی چوار ملیار و 201 ملیۆن دینار بۆ کڕینی قڕکەر بە مەبەستی برەودان و هاندانی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرهمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (27ـی نیسانی 2023)، هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، لەسەر رەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی چوار ملیار و 201 ملیۆن دینار بو کڕینی قڕکەر بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵی جووتیاران.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر  ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە یەکێکە لە کارە ستراتیژییەکانی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە سەر ئاستی جیهان بۆ پاراستنی گەنم لە نەخۆشییەکانی وەک ( کورک، مێروی سەن و کیسەڵ، گژوگیای پەلک پان و پەلک باریک).

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی کشتۆکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە کشتۆکاڵییەکانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان)ـی راسپاردووە کە بەپێی یاسا و رێنماییەکان دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن بە مەبەستی کڕین و دابەش کردنی قڕکەر بە سەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سنوورە ئیدارییەکانی خۆیان.