لەسەر داوای قەشەیەک لە کینیا دەیان کەس خواردن و خواردنەوە لەخۆیان قەدەغە دەکەن

"تا ئێستا زیاتر لە 100 کەس مردوون بۆ ئەوەی بە عیسا مەسیح بگەن"
کینیا
کینیا

K24 – هەولێر:

قەشەیەک لە کینیا داوای لە شوێنکەوتووەکانی کردووە خواردن و خواردنەوە لە خۆیان قەدەغە بکەن تا ئەو کاتی دەمرن بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە دیداری عیسای مەسیح و تائێستاش بە دەیان تەرمی شوێنکەوتووانی ئەو قەشەیە لە نزیک کەنیسەکەیدا دۆزراونەتەوە.

چەند رۆژێکە تیمەکان بەردەوام بەدوای تەرمی ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بۆ دیداری عیسای مەسیح خۆیانکردووەتە قوربانی و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی تەرمە دۆزراوەکان زیاتر دەبێت.

دوای ئەوەی لە شاری مالیندی لە کینیا، قەشەیەک داوا لە شوێنکەوتووەکانی کردووە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە بگرن تا مردن بۆ ئەوەی بگەن بە عیسای مەسیح.

کاتانا، خەڵکی شارەکەیە و یەکێک بووە لە سەردانیکارانی کەنیسەی نێودەوڵەتی گودنیوز، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، دوای توندبوونی یاسا و رێساکان بڕیاریداوە ئیدی سەردانی کەنیسەکە نەکات.

تیتوس کاتانا، شوێنکەوتووی کەنیسەی نێودەوڵەتی گودنیوز دەڵێت، "کەنیسەکە لەلای هەمووان خۆشەویست بوو. هەستمان بە بوونی خودا دەکرد لەوێ. تا ئەو کاتەی یاسای زۆر لەلایەن کەنیسەکەوە دەرکران. قەدەغەی ئافرەتانی کرد لەوەی قژیان دابێنن و نابێت خەڵک بچێتە نەخۆشخانە و قوتابخانە."

کارەساتەکە هێندە گەورەیە، هەموو دەسەڵاتەکانی لە کینیا هێناوەتە دەنگ. وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، ئەمە کردەوەیەکە دەکرێت وەک جینۆساید سەیربکرێت.

هەروەها ویلیام روتۆ، سەرۆکی کینیا ئەمەی بە کارێکی تیرۆریستی ناوبرد و رایگەیاند، "تیرۆریستەکان ئایین بۆ کارە قێزەونەکانیان بەکاردەهێنن. کەسانی وەک مەکێنزیش ئایین رێک بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنن."

قەشەکە ناوی پاوڵ مەکێنزییە و پێشتر شۆفێری تەکسی بووە. حکومەتی کینیا رایگەیاندووە، 109 تەرم لە زەوییەکانی نزیک کەنیسەکە دۆزراونەتەوە. تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنیش 39 کەسیان لە دارستانەکانی نزیک کەنیسەکەدا دۆزیوەتەوە و هەندێکیان هێشتا رەتیدەکەنەوە ئاو و خواردن بخۆن.

قەشەکە لەلایەن حکومەتی کینیاوە دەستگیرکراوە. پێشتریش دووجار لە 2019 و مانگی ئاداری ئەمساڵ بە تۆمەتی گیانلەدەستدانی منداڵان دەستگیرکراوە بەڵام بە کەفالەت ئازادکراوە.

کینیا
کینیا