لە کۆڵۆمبیا دەست بەسەر زیاتر لە پێنج تۆن ماددەی هۆشبەردا دەگیرێت

ژمارەیەک سەربازی کۆڵۆمبی دەستیان بەسەر 12 تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە | ئەرشیف: NBC
ژمارەیەک سەربازی کۆڵۆمبی دەستیان بەسەر 12 تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە | ئەرشیف: NBC

K24 - هەولێر:

لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی ئەمەریکا، کۆڵۆمبیا و پەنەمادا لە دەریای کاریبی، دەستگیرا بەسەر پێنج تۆن و نیو ماددەی هۆشبەر لە جۆری کۆکاین.

هێزی دەریایی کۆڵۆمبیا بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی پەنەما و ئەمەریکا، ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دا.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرا بەسەر پێنج تۆن و نیو کۆکاین و پێنج کەس دەستبەسەر کران کە چواریان کۆڵۆمبی بوون و یەکێکیان خەڵکی پەنەما بوو.

قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان دوای ئەوەی تێبینیی هێزە ئەمنییەکانیان کرد برێک لە کۆکاینیان رژاندە دەریاوە.

بەهای ئەو بڕە کۆکاینەی کە دەستی بەسەردا گیراوە نزیکەی 184 ملیۆن دۆلارە.

گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی تویتەردا دەستخۆشیی لە هێزە ئەمنییەکان کرد و رایگەیاند: "گورزێکی مێژوویی لە قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان درا. هێزی دەریایی کۆڵۆمبیا دەستی بەسەر پێنج تۆن و نیو کۆکاین و 18 ملیۆن دۆلاردا گرت".