ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کێبرکێکانیان لە ئەنقەرە و ئیزمیر چڕکردووەتەوە

وتاری ئەردۆغان بۆ لایەنگرانی
وتاری ئەردۆغان بۆ لایەنگرانی

K24 - هەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کەمال کڵچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، هەڵمەتەکانیان چڕکردووەتەوە، لەوکاتەی تەنها 13 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە لە 14ی ئایار بەڕێوەدەچێت.

رۆژی یەک شەممە، 30ی نیسانی 2023، بە هەزاران کەس لە لایەنگرانی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان لە "پارکی گەل" لە ئەنقەرەی پایتەخت گردبوونەوە، بڕیاریشە دووەم کۆبوونەوەی گەورە لە ئەستەنبوڵ هەفتەیەک پێش هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، لە بەرامبەریشدا دەیان هەزارکەس لەلایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری، لە شاری ئیزمیر گردبوونەوە  بۆ پشتیوانی کردنی پارتەکەیان.

ئەردۆغان لە کاتی گردبوونەوەکەدا بە هێرشکردنە سەر پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی "هاوپەیمانی نەتەوە" و کاندیدی هەڵبژاردنەکانیان دەستیپێکرد، ناوبراو بە هاوبەشی لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتباری کردن، گوتیشی، " کاتێکدا ئێمە لەگەڵ خەڵکدا دەڕۆین و میللەت لەگەڵ ئێمەدا دەڕوات".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک شارەوانییەکانی "پارتی گەلی کۆماری" لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە ئیستانبوڵ و ئیزمیر سەرکەوتوو نەبوون، لەوکاتەدا هێزە ئەمنییەکان دوو خوێندکاری زانکۆیان دەستگیرکرد کە لافیتەیەکی گەورەیان هەڵواسیبوو لەسەری نووسرابوو، "خواردتان، لەناوتان برد، کوشتتان، وا بیر مەکەنەوە کە بەبێ لێپرسینەوە دەڕۆن ئەردۆغان".

لە ئیزمیر، کڵچدارئۆغڵو بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لەلایەن ئەو کەسانەی لە گۆڕەپانی سەرەکی ئەو شارە گردبوونەوە پێشوازی لێکرا، لەوێش بە یاوەری سەرکردەکانی پارتەکانی "هاوپەیمانی میللەت" و سەرۆک شارەوانیەکانی ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد، هەروەها سەرکردەکانی پارتەکە بە وشەکانی پێش وتارەکەی کڵچدارئۆغڵو دووپاتیان کردەوە کە تورکیا "لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاردا بە سەرکەوتوویی دەردەچێت، و بای ئازادی و سەقامگیری و بوژانەوەی ئابووری هەڵدەمژێت". کڵچدارئۆغڵو بەڵێنیدا "دۆخێکی ڕاستی و دادپەروەری و یاسا دابمەزرێنێت، دوای ئەوەی نزیکەی ٢١ ساڵە ئەم بەهایانە پێشێل دەکرێن". وە پابەند بوو بە کارکردن لەگەڵ سەرکردەکانی پارتەکانی "هاوپەیمانی میللەت" بۆ ئەوەی "مێژوویەکی نوێ لەسەر بنەمای ئامێزگرتنی هەمووان بەبێ جیاوازی، لە نیشتمانێکدا کە هەمووان شانازی بە سەر بەوەوە دەکەن لە سەدەی دووەمی کۆماری تورکیادا".