ڤالا فەرید: هیچ هەنگاوێک لە پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن نه‌نراوه‌

ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان
ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان

K24 - هەولێر:

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، رایگەیاند، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان نه‌نراوه.

ئەمڕۆ (چوارشەمە 3ــی ئایار/ مایوی 2023)، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی خۆی هەستاوە بۆ دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، بە ئەرکی خۆی هەستاوە بە دابینکردنی پێداویستیەکانی هەڵبژاردن.

هەروەها راشیگەیاند: "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ کاراکردنی کۆمیسیۆن نه‌نراوه‌، تا کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە ناتوانرێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

سەبارەت بە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ڤالا فەرید گوتی: "دانیشتنی دادگا سەبارەت بەو پرسە دواخرا، تاکو ئێستا نازانرێت بڕیارەکە چۆن دەبێت، بۆیە لە داهاتوو ئەوە رووندەبێتەوە".

لەبارەی پرسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، جەختی لەوەکردەوە، کە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق قەرەبووی هەموو قوربانییەکانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بکاتەوە. 

ڤالا فەرید ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە یاساکانی سه‌ركردایه‌تی سەورەی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس هەڵبوەشێتەوە، هەروەها پێویستە عێراق ببێت بە ئەندام لە دادگای سزادانی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی مافی گەلەکەی پارێزراو بێت".