رووسیا، ئەمه‌ریکا بە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات

دیمه‌نێكی مۆسكۆ
دیمه‌نێكی مۆسكۆ

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئەمه‌ریکا بە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات و رایده‌گه‌یه‌نێت، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر هێرشە تیرۆریستیەکان قبوڵکراو نییە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بەرپرسیارێتی کردەوە تیرۆریستیەکان لەناوخۆی رووسیا تەنیا لە ئەستۆی ئۆکرانیا نییە، بەڵکو لە ئەستۆی وڵاتانی رۆژئاوایشە بەتایبەتی ئەمه‌ریکا.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هێرشی توند دەکات سەر وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێت، بێدەنگیتان بەرامبەر کردەوە تیرۆریستیەکان لەناو خاکی رووسیا جێگەی قبوڵکردن نییە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە سێیەم جارە هێرش لەناو خاکی رووسیا ئەنجامدەدرێت و کەسایەتییە نزیکەکانی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا دەکرێنە ئامانج.

هەمووکات رووسیا ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات، بەڵام ئەمجارەیان پەنجەی تۆمەت بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمه‌ریکا رادەکێشێت.

لە سەرەتای جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە ئەمڕۆ سێیەم تەقینەوە كه‌سێكی نزیکی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیای كرده‌ئامانج.

ئابی ساڵی رابردووش کچی کەسایەتیەکی دیاری رووسیا کە بە عەقڵی پوتن ناسرا بوو لە نزیک مۆسکۆ کرایەئامانج و گیانی لەدەستدا.

مانگی رابردووش بڵۆگەرێکی سەربازی رووسیا لە سەینت پیترسبێرگ کرایەئامانج و گیانی لەدەستدا.

ئێستاش لە ناوچەی بۆر لە هەرێمی نیژنی نۆڤگۆرۆد لە 400 کیلۆ مەتری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ لەناو ئۆتۆمبێلێک کە نووسەری بەناوبانگ زاخار پریلیپینی تێدا بووە تەقینەوەیەک روویداوە و بەهۆیەوە زاخار برینداربوون و شۆفێرەکەشی گیانی لەدەستداوە. رووسیا هەرسێ هێرشەکەی خستوەتە ئەستۆی ئه‌مه‌ریكا، وڵاتانی ئه‌وروپی و ئۆکرانیا.