لە ئاکرێ ژنێک لەلایەن براکەیەوە کوژرا

شاری ئاکرێ
شاری ئاکرێ

K24 – هەولێر:

لە گوندی کێلەسپی سەر بە ئاکرێ، ژنێکی تەمەن 27 ساڵ لەلایەن براکەیەوە کوژرا و بە گوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری رووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (7ـی ئایاری 2023)، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی کێلەسپی لە سنووری قەزای ئاکرێ، ژنێکی 27 ساڵ بەناوی (ک. ا. ح.) لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوە و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکە، کە برای کوژراوەکەیە و دوای تەقەکردن لە خوشکەکەی رایکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە دەستیکەوتوون، رووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە و ئەو ژنە دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوکی، لەلایەن براکەیەوە بە 'دەمانچە' تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

هاوکات نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند، باوکی ئەو ژنە، خۆی تەرمی کچەکەی هێنایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی گوڵانی ئاکرێ، بەڵام کاتێک تەرمەکەی گەیشتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدابوو، دواتر لەلایەن خۆیانەوە رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (7ـی ئایاری 2023)، لە گوندی ماستاوەی سەر بە ناحیەی شەمامکی هەولێر، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ لەلایەن برا بچووکەکەیەوە کوژرا و بەرپرسی بەشی پۆلیسی عەنکاوەش بە کوردستان24ـی گوت، ئەو رووداوە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە.