چەند قەوارەیەکی سیاسی نوێ داوای تۆمارکردنیان پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ کردووە

هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان - ئەرشیف
هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

لە هەرێمی کوردستاندا، 38 قەوارەی سیاسی مۆڵەتدراو هەیە و ژمارەیەک قەوارەی سیاسی نوێش داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ تۆمارکردن.

عەبدوڵڵا حەسەن مزوری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵە و حزبەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژمارەیەک قەوارەی نوێ داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ تۆمارکردن و داواکانیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستاندا 38 قەوارەی سیاسی مۆڵەتدراو هەیە.

لەلایەن خۆیەوە، بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری بەشی تۆماری لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت، تا کۆمیسیۆن کارانەکرێتەوە و خشتەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن دیارینەکرێت، ناتوانن دەست بە تۆمارکردنی لیست و قەوارە سیاسییەکان بکەن.

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".

بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.

هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.