بۆچی ئەمڕۆ لە فەرەنسا پشووی فەرمییە؟

تاوه‌ری ئیڤڵ له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا
تاوه‌ری ئیڤڵ له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا

K24 - هەولێر:

مانگی ئایار لە فەرەنسا چەند پشوویەکی تێدایە، لەوانە یەکی ئایار کە رۆژی جیهانیی کرێکارانە و رۆژی هەشتی ئایار کە فەرەنسییەکان یادەوەری دڵخۆشکەریان لەگەڵدا هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی ئایاری 2023 لە تەواوی فەرەنسا پشووی فەرمییە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 1945، کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیی لە ئەوروپا راگەیەندرا.

لە 8ـی ئایاری 1945 کاتژمێر 3:00ـی پاش نیوەڕۆ، زەنگی کۆتاییهاتنی جەنگ لە سەرانسەری فەرەنسا لێدرا، لەهەمان رۆژدا نوێنەرانی فەرماندەیی باڵای ئەڵمانیا لە بەرلین بەڵگەنامەیەکی نوێی خۆبەدەستەوەدانیان واژۆ کرد.

20ـی ئازاری 1953 رۆژی (8ـی ئایار) وەک پشووی فەرمی راگەیەندرا، بەڵام لە 1959 پشووەکە هەڵوەشێندرایەوە و دواتریش لە 23ـی ئەیلولی 1981 دووبارە کرایەوە پشووی فەرمی.