لە رۆژی جیهانیی گوێدرێژدا؛ ئەم زانیاریانە لەسەری بزانە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی ئایاری 2023، بە رۆژی جیهانی گوێدرێژ ناسراوە و بەشێك لە وڵاتان بەو بۆنەیەوە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن.

چالاکییەکان لەم رۆژەدا بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچن، بە ئاراستەی گۆڕینی ئەو بۆچوونە باوەی مرۆڤایەتی لەسەر گوێدرێژ هەیەتی.

گوێدرێژ بە درێژایی مێژوو، لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا کاری کردووە و بەشێک لە پسپۆڕان دەڵێن: گوێدرێژ یەکێکە لە ئاژەڵە زیرەکەکان، تەنیا جارێک بە رێگایەکدا بڕوات، بەسە بۆئەوەی رێگاکە بناسێتەوە.

هەندێک کەس گوێدرێژ بە ئاژەڵێکی گوێڕایەڵ و هەندێكیش بە "کەللـەرەق" ناوی دەبەن.

هێشتا هەندێک لە گوندنشیان لە سەرانسەری جیهاندا، لە کارەکانی رۆژانەدا پشت بە گوێدرێژەکان دەبەستن.

لەلایەکی دیکەوە، شیری گوێدرێژ لە هەندێک ناوچە وەک دەرمان بەکاردەهێندرێت و لە چەند ناوچەیەکیش پەنیری گرانبەهای لێدروست دەکرێت.