لە رۆژی جیهانی تالاسیمیادا، وەزارەتی تەندروستی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر:
لە رۆژی جیهانی تالاسیمیادا، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیهندراوێکی لە ژێر ناونیشانی "بەهێزکردنی پەروەردە و فێرکردن بۆشایی بنبڕکردنی تالاسیمیا پڕدەکاتەوە" بڵاوکردەوە .
ئەمڕۆ دووشەممە ( 8ــی ئایاری 2023)، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی راگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی 8 ئایاری هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی نەخۆشی تالاسیمیا دهناسرێت، کە نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە لە دایکان و باوکانەوە بۆ منداڵانی لەدایکبوو دەگوازرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی پێداگری و بەردەوامبوونیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری دووپاتکردەوە، دڵنیاییش دەدەن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی هەوڵ بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ئەم نەخۆشیە لە هەرێمی کوردستان دەدەن.
وەزارەتی تەندروستی دەستخۆشی لە بەخشەرانی خوێن دەکات و ستایشی هەموو بەرپرس و ئەندامانی کۆمەڵە و رێکخراوەکانی تالاسیمیا و هەموو خێرخوازان دەکات، کە رۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە خزمەتی مرۆڤایەتی.