ئەمەریکا هۆشداری لە روودانی کارەساتی ئابووری دەدات

"لەم دوو هەفتەیەدا کارەساتی گەورەی ئابووری روودەدات"

K24 - هەولێر

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، لە دوو هەفتەی داهاتوودا کۆنگرێس لە دوایین وادە بۆ نەدانەوەی قەرزەکانی ئاگادار دەکاتەوە.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، نایانەوێت لەبارەی وادەیەکی دیاریکراو بدوێن، بەڵام لەم دوو هەفتەی ئایندەدا ئاگاداریان دەکەنەوە.

لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووە، ئەمەریکا سەقفی قەرزەکانی تێپەڕاند کە بە 31 ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار دیاریکرابوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە ناچاربوو رێوشوێنی بەپەلە بگرێتە بەر تاوەکو بتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت.

لەم چەند مانگەی دواییشدا کۆنگرێسی ئەمەریکا هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی سەقفی قەرزەکان بەرزبکاتەوە، بۆ ئەوەش کۆمارییەکان کە زۆرینەیان پێکهێناوە، رەزامەندیان دەربڕیوە دەنگ بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزەکان بدەن، بەو مەرجەی خەرجییەکانی بودجە کەمبکرێتەوە، بەڵام کۆشکی سپی ئەو داواکارییەی رەتکردووەتەوە.

لە هەمان کاتدا کۆشکی سپی ئاماژەی بەوداوە ئامادەن تاوتوێی کەمکردنەوەی خەرجییەکان بکەن، بەڵام پێویستە کۆنگرێس بێ هیچ مەرجێک سەقفی قەرزەکان بەرزبکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر بەر لە مانگی حوزەیران چارەسەری سەقفی قەرزەکان نەکرێت، ئەوا ناچارن رێوشوێنی بەپەلە بگرنە بەر، لە هەوڵێکی لەم جۆرەک کارەساتی گەورەی ئابووری لە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە روودەدات.