یەکێک لە بەتەمەنترین شێرە کێوییەکانی جیهان لەلایەن دانیشتوانی گوندێکی کینیاوە کوژرا

K24 - هەولێر:

لۆنکیتۆ کە یەکێکە لە بەتەمەنترین شێرە کێوییەکانی جیهان لەلایەن دانیشتوانی گوندێکی کینیاوە بە رم کوژرا.

پاوڵ جیناریۆ، گوتەبێژی خزمەتگوزاری ژیانی سرووشتی کینیا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "BBC" ئەوەی خستەڕوو کە ئێوارەی 10ی ئایار، لۆنکیتۆی تەمەن 19 ساڵ لە گوندی ئۆلکەلونیەت کە هاوسنوورە لەگەڵ پارکی نیشتمانی ئامبۆسێلیی باشووری کینیا، کوژراوە.

جیناریۆ باسی لەوەش کرد کە ئەو شێرە بۆ دۆزینەوەی خۆراک لە پارکی نیشتمانی ئامبۆسێلی چووەتە دەرەوە و چووەتە ناو گوندی ئۆلکەلونیەت.

ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە شێرەکە لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە بە رم کوژراوە.

دامەزراوەی پاراستنی شێرەکان "Lion Guardians"، ئەوەی ئاشکرا کرد کە "لۆنکیتۆ بەتەمەنترین شێری نێری ئەفریقا بووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای پاراستنی سرووشتی جیهان، شێر لە سرووشتدا تێکڕا تەمەنی دەگاتە 13 ساڵ و زۆرینەی شێرەکانی جیهانیش لە کیشوەری ئەفریقان، بەشێکیشیان لە وڵاتی هیندستانن.