تورکیا.. پەنابەرە سوورییەکان ترسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە

K24 - هەولێر:

پەنابەرە سوورییەکان لە تورکیا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی هیچ یارمەتیدەرێک و لایەنگرێکیان نییە کە بەرگرییان لێبکات لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا.

دوای ئەوەی تورکیا دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەستپێکرد، پەنابەرانی سووری لە تورکیا هەست بە نیگەرانی و ترس دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێدەچێت لەسەرهەڵوێستی خۆی سوور بێت، کە دەبێت لە ماوەی دووساڵدا سووریەکان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەیان، بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانان لەگەڵ ئەسەد و بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە حکومەت دەڵێت، ئەگەر ئەردۆغان سەرکەوتن بەدەست بێنێت یان کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلیچدارئۆغڵو سەربکەوێت، دۆخەکە بۆ سووریاییەکان جیاواز نابێت.

ئەردۆغان لە دوایین لێدوانەکانیدا کە تایبەتە بەو پرسە، رایگەیاندووە، پرۆسەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەرانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "تا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار ماڵمان لە باکووری سووریا دامەزراندووە لە رێگەی دامەزراوە حکومییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکانمانەوە، و کۆچبەران دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ ئەم ماڵانە".

ئەردۆغان گوتیشی: ئۆپۆزسیۆن بەڵێنیداوە پەنابەرە سوورییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان ئەگەر دەسەڵات لە تورکیا بگرێتە دەست، بەڵام من پشتگیری ئەم چەمکە ناکەم، ئەمە نادادپەروەرییە. بە تایبەت کە گەڕانەوەی خۆبەخشانەی سوورییەکان لە ئێستاوە دەستی پێکردووە و پشتیوانی پێویستیان بۆ دابین دەکەین.

دەسەڵاتدارانی تورکیا بەپێی ئامارە فەرمییەکان رەگەزنامەیان بە نزیکەی 300 هەزار هاوڵاتی سووریا بەخشیوە.

تورکەکان گلەیی لە مامەڵەی ئیمتیازات بۆ سورییەکان دەکەن لە خوێندن و چارەسەرکردندا، بەتایبەتی لەگەڵ زۆربوونی فەرمانگەکان بۆ تەرخانکردنی کورسی خوێندن لە زانکۆکان بۆ سوورییەکان و عەرەبەکان بە گشتی، لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا، ئەمەش ئەگەری بەدەستهێنانی کورسی کەمدەکاتەوە سەرەڕای ئەوەی بە سەختی لە تاقیکردنەوەکان دەردەچن بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی خوێندن لە زانکۆکان.

لە لایەکی دیکەوە، سوورییەکان ترسی خۆیان لەو دۆخە ناشارنەوە کە تورکیا لە دوای هەڵبژاردنەکان تووشی دەبێت و ئێستا ئۆپۆزسیۆن و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار یەک رێبازیان بەرامبەریان گرتووەتەبەر.

زیاتر ئەو کەسانە نیگەرانن کە بە شێوەیەکی نائاسایی رەگەزنامەیان بەدەستهێناوە، دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند، کە یەک بە یەک پێداچوونەوە بەو کەیسانەدا دەکرێت، هەروەها رەگەزنامەی ئەو کەسانە هەڵدەوەشێتەوە کە بەبێ جێبەجێکردنی مەرجەکان رەگەزنامەیان بەدەستهێناوە.

ئەحمەد عومەر کە خەڵکی سووریایە و دوکانێکی خواردنی لە گەڕەکی ئەڤچیلار لە ئەستەنبوڵ کردووەتەوە، بە شەرقولئەوسەتی گوت: ترسم هەیە ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت. ئەوان ناهێڵن لێرە بژین، ئەوان بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە لێرە کار دەکەن، بەهۆی بەڵێنەکانیان بە تورکەکان کە هەلی کاریان پێبدەن کە سووریاییەکان داگیریان کردووە.

نزیکەی سێ ملیۆن و 600 هەزار هاوڵاتی سووری لە تورکیا دەژین و نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار کەسیان لە وڵاتە سنوورییەکانی تورکیا لەگەڵ سووریا دەژین. لە ناو ئەستەنبوڵ نزیکەی 550 هەزار کەس دەژین.