چاوشئۆغڵو: نامانەوێت رووسیا و رۆژئاوا دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا | وێنە: Amr Nabil / AP
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا | وێنە: Amr Nabil / AP

K24 - هەولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، دروستکردنی تۆمەت كه‌ گوایە رووسیا دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەكانی توركیا كردووه‌، کارێکی ناداپەروەرانەیە. ده‌شڵێت: "لە کۆتاییدا دەبێت گەلەکەمان بڕیار بدات".

وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی بەشداریکردنیدا لە پرۆگرامێکدا لە کەناڵی CNN Türk، وەڵامی چه‌ند پرسیارێك دایه‌وه‌.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەبارەت بە بانگەشەکانی کەمال كڵچدارئۆغڵو، کە گوایە رووسیا دەستوەردانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی خولی 28ەمینی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا کردووە، گوتی: "دروستکردنی تۆمەت بۆ ئەو وڵاتە، کارێکی نادادپەروەرانەیە. ده‌شڵێت: "ئێمە نامانەوێت رووسیا و رۆژئاوا دەستوەردان لە هەڵبژاردن بکەن، لە کۆتاییدا  روون و ئاشکرایە کە دەبێت گەلەکەمان بڕیار بدات".

چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، کشانەوەی تورکیا لە سووریا بەبێ دابینکردنی سەقامگیریی هەمیشەیی (لە سووریا)، مەترسی جددیی لەسەر یەکپارچەیی سنووری سووریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە ئەمە لە چوارچێوەی نەخشەڕێگایەکدا کاری لەسەر بکرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی تورکیا و یۆنان دا و رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات، کەشێکی ئەرێنی لە نێوان هەردوو وڵات دروستبووە. مانەوەی ئەم کەشە لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا، پەیامێکی زۆر گرنگە".

سەبارەت بە سەرۆکی گشتیی جەهەپە و کاندید بۆ پۆستی سەرۆكکۆماری تورکیا کەمال کڵچدارئۆغڵو  و سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا ئێلەگی گولەنەبڕییان لەبەردا بوو، چاوشئۆغڵو گوتی: "ئەمانە ئەو قسەوباس و هەنگاوانەن کە بە مەبەستی تێکدانی سیمای توركیا ئەنجامدەدرێن".

رۆژی (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له‌ توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌.