ئەمڕۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری لە باکووری کوردستان و تورکیا قەدەغەیە

K24 – هەولێر

بەگوێرەی رێنماییەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەمڕۆ چەند شتێک لە تورکیا و باکووری کوردستان قەدەغەکراون لەوانە ئاهەنگی هاوسەرگیری.

قەدەغەکراوەکانی رۆژی هەڵبژاردن:

تا کاتژمێر 6ی ئێوارە رێگە بە بەڕێوەچوونی ئاهەنگی هاوسەرگیری نادرێت، لە دوای کاتی دیاریکراو دەتوانن ئاهەنگ رێکبخەن بە مەرجی پابەندبوون بە قەدەغەکراوەکانی هەڵبژاردن و رێسا دیاریکراوەکان.

لە چوارچێوەی قەدەغەکراوەکانی رۆژی هەڵبژاردندا، ئەمڕۆ لە کاتژمێر خواردنەوە کحولییەکان نافرۆشرێن، هەروەها پێدان و خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە دەبێت. شوێنەکانی کات بەسەربردن لە ماوەی دەنگدانەکەدا بە داخراوی دەمێننەوە. لەو چێشتخانانەی کە شوێنی کات بەسەربردنن تەنیا رێگە بە پێدانی خواردن دەدرێت.

هەڵگرتنی چەک قەدەغەیە، جگە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری. رادیۆ و هەموو جۆرە ئۆرگانەکانی پەخش تا کاتژمێر 18:00ی رۆژی هەڵبژاردن ناتوانن هەواڵ و پێشبینی و تێبینی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاو بکەنەوە. تەنها بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵ و راگەیەندراوانە رێگەپێدراوە کە لە لایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژرادنەکان لە تورکیا دەدرێت.

لە چ حاڵەتێکدا دەنگ هەژمار ناکرێت؟

ئەگەر مۆری "بەڵێ" یان "هەڵبژێرە" لەسەر زیاتر کاندیدێک یان زیاتر لە پارتێک بدرێت کە لە یەک هاوپەیمانیدایە، ئەوا دەنگەکان هەژمار ناکرێت.

دڕاندنی کاغەزی دەنگدان، لێدانی هەر هێما یان مۆرێکی تایبەت، بوونی ناو، واژوو یان پەنجەمۆر لەسەر کاغەزەکە، دەنگەکە پووچەڵ دەکاتەوە.

لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکردووە، لە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێ دەکەن.