تویتەر لە تورکیا رۆژێک پێش هەڵبژاردن سانسۆری هەندێک بابەتی کردووە

K24 - هەولێر:

پلاتفۆڕمی تویتەر ئاشکرای دەکات، لە وەڵامی داواکارییەکی یاسایی، لە تورکیا دەستڕاگەیشتنی بەکارهێنەرانیان بە هەندێ بابەت سنووردار دەکەن.

تویتەر رایگەیاند، لە وەڵامی پرۆسەیەکی یاسایی و بۆ دڵنیابوون لە بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانی تویتەر بۆ خەڵکی تورکیا، چەند هەنگاوێکمان ناوە بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک بابەت لە تورکیا.

ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەست پێدەکات، 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 لە دەنگدانی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.

ماتیۆ یگلێسیاس، ستووننووس لە ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمەریکی لەو بارەیەوە لە تویتێکدا دەڵێت: حکومەتی تورکیا داوای لە تویتەر کرد سانسۆری نەیارەکانی بکات پێش هەڵبژاردن، ئیلۆن مەسکیش داواکاریەکەی بەجێگەیاندووە.

لە وەڵامی ئەم ستووننووسەدا، رۆژنامەنووس پاوڵ تەکەر گوتی: تویتەر لەسەر داوای چەند حکومەتێک ناچار بووە سانسۆری هەندێک بابەت بکات، تەنانەت دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک تویتەری کڕی، تویتەر بەردەوامە لە سانسۆرکردنی هەندێک بابەت لەسەر داوای چەند حکومەتێک.

لەلای خۆیەوە ئیلۆن مەسک، خاوەنی نوێی تویتەر رایگەیاند، ئەم داواکارییە لە هەموو کۆمپانیاکانی ئینتەنێت کراوە، ئێمە تەنیا روونکردنەوە لەسەر ئەوە دەدەین کە روودەدات، بە پێچەوانەی ئەوانی دیکەوە.