ئەردۆغان: پرۆسەی دەنگدان بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 - هەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "دەنگدانی تەواوی دەنگدەرانمان بەبێ نیگەرانی تا کاتژمێر 17:00  بۆ دەرخستنی هێزی دیموکراسی ئێجگار گرنگە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ئەمینە'ی هاوسەری بەمەبەستی بەشداریکردن پرۆسەی دەنگدان روویان لە قوتابخانەی سەرەتایی سافەت چەبی لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستانبوڵ کرد و دەنگیان دا.

دواتر ئەردۆغان بە میدیاکارانی رايگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزیری ناوخۆوە بە دەستم گەیشتوون تاوەکوو ئێستا هیچ کێشەیەک لە پرۆسەکەدا رووی نەداوە".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانیش هاووڵاتییانی دەنگدەر بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە، گوتی: "داواکارم لە خوا ئەم هەڵبژاردنە ببێتە مایەی پتەوتربوونی دیموکراسی لە تورکیا. دەنگدانی تەواوی دەنگدەرانمان بەبێ نیگەرانی تا کاتژمێر 17:00 بۆ دەرخستنی هێزی دیموکراسیی تورک ئێجگار گرنگە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان روونیشیکردەوە، لە ئیستانبوڵ چاودێریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 08:00ی بەیانی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و 28مین خولی پەرلەمان لە سەرتاسەری تورکیا دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 17:00ی ئێوارە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێ دەکەن.

بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەڵام بەهۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە 11ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی هەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە.

پارتەکان بە پێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە هاوپەیمانانی "کۆمار، میللەت، ئاتا، رەنج و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

لە چوارچێوەیەشدا هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی "هاوپەیمانی جمهوور" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

هەر یەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "هاوپەیمانی میللەت"-دا کۆبوونەتەوە.

هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "هاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدارە.

هەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی "هاوپەیمانی ئاتا" و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی "یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن.