کەمال کڵچدارئۆغڵو: بیری دیموکراسییمان کردووە

 کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی "میللەت" و سەرۆکی گشتیی جەهەپە
 کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی "میللەت" و سەرۆکی گشتیی جەهەپە

K24 - هەولێر

 کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی "میللەت" و سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، "هەموومان زۆر بیری دیموکراسیی، یەکگرتوویی و تەبایی'یمان کردووە. خوا یار بێت لەمەودوا بەهار روو لە وڵات دەکات".

کەمال کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ خاتوو سەلڤی هاوسەری لە میانی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانیی تورکیا لە ئەنقەرە دەنگیان دا.

 کەمال کڵچدارئۆغڵو دواتر بە میدیاکارانی راگەیاند، سوپاسگوزاری تەواوی ئەو دەنگدەرانەن کە بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن، رێز و خۆشەویستی خۆی بۆ هاووڵاتییان دەربڕی و گوتی: "هەموومان زۆر بیری دیموکراسیی، یەکگرتوویی و تەبایی'یمان کردووە. خوا یار بێت لەمەودوا بەهار روو لە وڵات دەکات".

دواتر کڵچدارئۆغڵو چووەوە ماڵەوە و لەوێ لە وەڵامی پرسیارێکدا بە میدیاکارانی راگەیاند: "بیری دیموکراسییمان کردووە و چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".

ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 08:00ی بەیانی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و 28مین خولی پەرلەمان لە سەرتاسەری تورکیا دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 17:00ی ئێوارە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێ دەکەن.

بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەڵام بەهۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە 11ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی هەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە.

پارتەکان بە پێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە هاوپەیمانانی "کۆمار، میللەت، ئاتا، رەنج و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

لە چوارچێوەیەشدا هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی "هاوپەیمانی جمهوور" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

هەر یەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "هاوپەیمانی میللەت"-دا کۆبوونەتەوە.

هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "هاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدارە.

هەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی "هاوپەیمانی ئاتا" و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی "یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن.