کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: سێ کەس لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە

ئەحمەد یەنەر
ئەحمەد یەنەر

K24 – هەولێر:

دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، سێ کەس بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان گیانیان لەدەستداوە.

لە راگەیەندراوێکدا ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا کۆتایی هاتووە و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا تۆمار نەکراوە.

هاوکات ئەحمەد یەنەر راشیگەیاند، لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگداندا سێ  کەس بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانیان لەدەستداوە کە دوویان هاووڵاتی ئاسایین و یەکێکیان چاودێری سندوقەکانە.

ئەحمەد یەنەر راشیگەیاند، سوپاسی سەرجەم کارمەندانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات و هیوادارە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ وڵات بەشیوەیەکی گشتی خێردار بێت.

هەروەها دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەحمەد یەنەر داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن و لایەنەکان کرد پابەندی ئەو ئەنجامانەبن کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بڵاودەکرێنەوە و دووپاتیکردەوە، دوای کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە قەدەغەکردنی پەخش لەسەر پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان هەڵدەگیرێت.

لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنیشەوە، ئەحمەد یەنەر دووپاتی کردەوە، کاتژمێر 5ـی ئێوارە دەرگای بنەکانی دەنگدان داخراوە و هەر دەنگدەرێک تا کاتژمێر 4:59 خولەک چووبێتە ناو بنەکەکانی دەنگدان توانیویەتی دەنگی خۆی بدات، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسا مامەڵەکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەی دەنگدان.

رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو.

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.

بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە، ئەگەر هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 50%ـی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی بەڕێوەدەچێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هاوپەیمانی میللـەت هەیە بۆ گەیشتن بە کۆشکی چانکایە و دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.

زۆرینەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە دەکەن لە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە هاوپەیمانی شەش لایەنەکە بەناوی "میللـەت" کۆبوونەتەوە کە دواتر هەدەپەش پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی. لەبەرامبەردا، ئەکپارتی و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.

دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگەیاند بەشێوەیەکی دیموکراسییانە پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییهات و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێستا کاتی ئەوەیە وەک هەمیشە ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدان بین و تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکان، بەردەوامبین لە پاراستنی ئیرادەی گەلەکەمان".

لەلایەن خۆشیەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتێکدا داوای لە چاودێرانی بنکەکانی دەنگدان کردووە، سندووقەکانی دەنگدان بەجێنەهێڵن تاوەکو کۆتایی هاتنی تەواوی پرۆسەکە.